لەسەر بڕیارەكەی پارێزگاری كەركوك پارتی هەڵوێستی فەرمی خۆی ڕاگەیاند

بەرپرسێکی پارتی لە کەرکوک ڕایدەگەیەنێت" کورد لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا یادی نەورۆزیان کردووەتەوە و ئێستاش بە ھەمان شێوە ئەو یادە دەکەنەوە و کەس ناتوانێت ڕێگری بکات". 

عەدنان کەرکووکی، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان کەرکووک-گەرمیان، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕاگەیاند" ئەوەی ئیدارەی کەرکووک باسی کردووە زۆر بێمانایە و ھەر ئەوەش لە ئیدارەیەکی سەپێندراو و تەعریبکراو چاوەڕێ دەکرێت، بۆیە پێویستە ئەو پارتە کوردییانەی لەوێن، ھەڵوێستیان ھەبێت، بەڵام کوردەکان ھەر چۆنێک بێت ئەو یادە ھەر دەکەنەوە". 

ئەوەشی خستەڕوو، کورد لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا بە بۆنەی یادی نەورۆزەوە تایەیان لە گەڕەکەکانی شۆڕیجە و ئازادی و ئیسکان و ڕەحیماوە دەسووتاند، ڕاکان جبووری ناتوانێت ڕێگری لەوە بکات کە کورد یادی نەورۆز بکاتەوە و ئەو یادە ھەر چۆنێک بێت دەکرێتەوە. 

ئەمڕۆ ڕاکان سەعید جبووری پارێزگاری کەرکوک بە وەکالەت، نوسراوێکی ئاڕاستەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق کردووە تێیدا هاتووە" ڕێوڕەسمی جه‌ژنی نه‌ورۆز لە رۆژی ٢٠ی ئازاری ٢٠٢٢ له‌ كاتژمێر (٤:٠٠) تاوه‌كو (٧:٠٠)ی ئێواره‌ بەڕێوەدەچێت، لە ڕێوڕەسمەکەدا نابێت هیچ دروشمێکی نەتەوەیی بەکاربهێنرێت یاخود هەر کارێک کە دژی پێکەوەژیانی نەتەوە جیاوازەکانی کەرکوک بێت، بە پێچەوانەوە رێککاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر و لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت". 


PM:07:10:15/03/2022