ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بایکۆت دەکرێت

ئەمڕۆ ١٦ی ئازار (٣٤) ساڵ بەسەر کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لەلایەن رژێمی بەعسی روخاو تێدەپەڕێت کە بووە هۆی شەهیدبوونی زیاتر لە پێنج هەزار هاوڵاتی شارەکە.

بۆ ئەمساڵ کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە رایگەیاند" به‌هۆی مانه‌وه‌ی كێشه‌ و گرفته‌كانی كه‌سوكاری شه‌هیدان و تاقانه‌كان و به‌ركه‌وتوان و كه‌سوكاری ونبووانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ و په‌راوێزخستنی شارەکە له‌ رووی پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانه‌وه‌، مه‌راسیمی (٣٤)ه‌مین ساڵیادی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ كه‌ له‌لایه‌ن ده‌زگا حكومییه‌كانه‌وه‌ رێكده‌خرێت  بایکۆت دەکەین". 

ئەوەشیان خستووەتەڕوو، پێمان وایە لەم مەراسیم و ساڵیادانەدا وتەی بریقەدار و بەڵێنی بێ کردار هێندەیتر دانیشتوانی شارەکە وەرس و بێزار دەکەن.

کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە جەختیان لەوەشکردووەتەوە، خۆمان یادی شەهیدەکانمان دەکەینەوە و خودی پارێزگاری هەڵەبجەشمان لەو هەڵوێستەمان ئاگادارکردووەتەوە. 

رۆژی ١٦ی ئازاری ١٩٨٨ شاری هەڵەبجە لەلایەن رژێمی بەعسی روخاو بە چەکی کیمیایی بۆردوومان کرا، لە ئەنجامدا جگە لە شەهیدبوونی لانیکەم پێنج هەزار هاونیشتمانی بە سەدانی دیکەش بێسەروشوێن و بریندار بوون، هاوکات ساڵانە لەو رۆژەدا بە چەندین مەراسیمی جیاواز لە کوردستان بەگشتی و هەڵەبجە بە تایبەت، رێز لە قوربانیانی ئەو کۆمەڵکوژییە دەگیرێت.


AM:09:45:16/03/2022