مەسرور بارزانی: پێویستە عێراق قەرەبووی زیانلێکەوتووانی کیمیاباران بکاتەوە

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵڕۆژی کیمیابارانی هەڵەبجەدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" پێویستە حکومەتی عێراق بەرپرسیارێتی ئەخلاقی خۆی لە قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری شەهیدان و برینداران و زیانلێکەوتووانی کیمیاباران بگرێتە ئەستۆ". 

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تێپەڕبوونی (٣٤) ساڵ بەسەر کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە لە لایەن ڕژێمی بەعسی روخاوەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەشکردووە" لەم یادەدا سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی ئەو تاوانە دڕندانەیە دادەنوێنین و بەوپەڕی ڕێز و شکۆوە یادیان دەکەینەوە، هەڵەبجە مەڵبەندێکی گرنگی ڕوناکبیری و زێدی چەندین شاعیر و نوسەر و زانا و دانا و عارفی ناودار و بەناوبانگی کوردستانە، پێگەیەکی گرنگی لە دڵ و دەرونی کوردستانیاندا هەیە و بوەتە یەکێک لە سیمبولە هەرە دیارەکانی قوربانیدانی گەلی کوردستان لەپێناو گەیشتن بە مافە ڕەواکانی، بۆیە لەم یادە خەمناکەدا، دوپاتی دەکەینەوە کە پێویستە حکومەتی عێراق بەرپرسیارێتیی ئەخلاقیی خۆی لە قەرەبوکردنەوەی کەسوکاری شەهیدان و برینداران و زیانلێکەوتوانی کیمیابارانی هەڵەبجە و گشت قوربانیانی جینۆسایدکردنی گەلی کوردستان و ناوچە زیانلێکەوتوەکانی دیکەی کوردستان بگرێتە ئەستۆ و بەپێی ماددەی (١٣٢)ی دەستور قەرەبویان بکاتەوە".

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستوەتەڕوو، ئەگەرچی چەند ساڵێکە هەڵەبجە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان بوەتە پارێزگا، بەڵام بەداخەوە تا ئێستاش، حکومەتی فیدراڵی لە ئاستی پێویستدا وەک پارێزگایەک مامەڵە لەگەڵ هەڵەبجەدا ناکات و ڕێکارەکانی بەپارێزگابونی، کێشە و ئاستەنگی بۆ دروست دەکرێت، بۆیە داوا لە بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵی دەکەین لە زووترین کاتدا ئەو ڕێکارانە تەواو بکەن و چیتر ئەم بابەتە پشتگوێ نەخرێت. 

دەشڵێت" حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردەوام دەبێت لە تەواوکردنی پێکهاتەی ئیداریی پارێزگای هەڵەبجە بە هێنانەکایەی ئەو دامەزراوانەی دیکەی پارێزگا کە ماون، حکومەتی هەرێمی كوردستان، خۆی بە قەرزاری کەسوکاری شەهیدانی هەڵەبجە و هەموو شەهیدانی کوردستان دەزانێت و ئەرکی لە پێشینەی حکومەتە کە خزمەتێکی شایستەی هەڵەبجە و دانیشتووانە خۆشەویستەکەی بکات". 


AM:10:15:16/03/2022