محەمەدی حاجی مەحمود: هۆكاری موشەكبارانكردنی هەولێر هەڵەتێگەیشتن و پێدانی زانیاری هەڵەیە


محەمەد حاجی مەحمود، سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان ڕایدەگەیەنێت "چاوەڕێ نەبووین كۆماری ئیسلامی ئێران ڕووی موشەكەكانی لەهەرێمی كوردستان بكات، هۆكاری موشەكبارانكردنی هەولێریش هەڵەتێگەیشتن و پێدانی زانیاری هەڵەیە".

محەمەدی حاجی مەحمود،  سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان بە دەنگی ئەمەریكای راگەیاندووە، وەكو كورد لەگەڵ ئێران لەڕووی سیاسی و فەرهەنگی و سنورەوە لەیەكتریەوە نزیكن، بۆیە خەڵكی كوردستان چاوەڕێی موشەك نەبوون لەئێران، بەڵكو چاوەڕێی هاوكاری و پشتیوانی بوون.

ناوبراو رونیكردەوە، هۆكاری موشەك بارانكردنی هەولێر لەلایەن ئێرانەوە لەیەكترتێنەگەیشتنە و وتی "هەرێم مەترسیدار نییە بۆ سەر هیچ لایەك، هەرێم نابێتە جێی ململانێی وڵاتانی ناوچەكە، بەپێچەوانەوە هەرێم پەیوەندی و بازرگانی لەگەڵ هەموو وڵاتان هەیە".

دەربارەی تۆمەتباركردنی هەرێم لەلایەن ئێرانەوە و لێدوانی توندی بەرپرسانی ئێران دژی هەرێم، محەمەد حاجی مەحمود دەڵێت "ڕەنگە كۆمەڵێك شتی تیابێت، ڕێككەوتنی پارتی لەگەڵ سەدر و سونە، كێشەی نێوان شیعە و شیعە، كۆمەڵێ شتی تریش هەن ڕەنگە ڕوون نەبن، یاخود بوونی ئەمەریكا لەهەرێم، لەكاتێكدا ئەمەریكا لەبەغدا و ناوچەكانی تریش هەیە، بۆیە مەسەلەكە ڕەنگە لەیەكترتێنەگەیشتن و زانیاری هەڵە بێت."



PM:07:24:16/03/2022