چەند پێشنیارێك بۆ كەمكردنەوەی شمەك رادەگەیەنرێت


یەكێتی هاوردە و ناردنكارانی هەرێمی كوردستان چەند پێشنیارێك ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن بەمەبەستی كەمكردنەوەی نرخی كاڵا و شمەكی رۆژانەی هاوڵاتیان. 

یەكێتی هاوردە و ناردنكارانی هەرێمی كوردستان لە نووسراوێكدا بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكان چەندین پێشنیاریان بۆ كەمكردنەوەی نرخی كاڵا و شمەكەكان خستۆتەڕوو ئەوانیش (لێخۆشبوونی گومرگی و باج لە كۆمپانیاكانی تایبەت بە هاوردەكردنی خۆراك و دانەوێڵە تا كاتی ئاسایبوونەوەی دۆخەكە، هەڵوەشانەوەی بڕیاری قەدەغەی هاوردەكردنی بابەتە خۆراكییەكان و ئاسانكاریكردنی تەواو بۆ هاوردەكردنیان بە لەبەرچاوگرتنی بەرهەمە ناوخۆییەكان).

هەر بەپێی نووسراوەكە (لێخۆشبوون یان كەمكردنەوەی نرخی خزمەتگوزارییەكان بەتایبەت پارەی كارەبا لەسەر كارگەكانی بەرهەمهێنانی بابەتە خۆراكییەكانی ناوخۆ، وەرنەگرتنی باج لە بەرهەمە خۆراكییەكان لەكاتی هاوردەكردنیان لە خاڵە سنورییەكان).

یەكێتی هاوردە و ناردنكاران ئاماژەیان بەوەكردوە (ئاسانكاری و لێخۆشبوون بۆ هاوردەكردنی پێداویستییە خامەكانی ئەو بەرهەمە خۆراكییانەی كە لە ناوخۆدا بەرهەم دەهێنرێن و بەرهەمی ناوخۆ بەشیان ناكات، ئاسانكاری خێرا و بەپەلە لە هاوردەكردنی كەلوپەل و پێداویستی تایبەت بە كارگەكانی بەرهەمهێنانی خۆراك، لابردتی گومرگی سەر هاوردەی گەنم و ئارد لە كۆمپانیاكانی ئەو بوارە).

دوای دەستپێكردنی جەنگی روسیا و ئۆكرانیا نرخی كاڵا و شمەكەكانیش لە هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی بەرچاو روویان لەبەرزبوونەوە كردووە.



PM:12:15:17/03/2022