پارتی: گەر ٢٦ ی ئازار سەرۆک هەڵنەبژێردرێت، پەرلەمان هەڵدەوەشێتەوە


سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد " ئەگەر ٢٦ی ئازار سەرۆک کۆمار هەڵنەبژێردرێت، هیچ رێگەیەک نامێنێت جگە لەهەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و دوبارەکردنەوەی هەڵبژاردن".
  
لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی کە ئەمڕۆ ٢٢ی ئازار لە گەڵیدا سازکرا، ڤیان سەبری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستە ٢٢٠ ئەندام ئامادەبن لەکۆبوونەوەی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و دەڵێت" پڕۆسەکە ئاڵۆزە".  
  
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی باسی لەوەش کرد کە دوای داواکەی سەدر ژمارەیەکی زۆری سەربەخۆش ئامادەبن، چونکە نایانەوێت ببنە هۆی پەکخستنی پڕۆسەی سیاسی.
  
لەلایەکی ترەوە مشعان جەبوری سیاسی ناسراوی سونە و ئەندام پەرلەمانی ئەم خوولە ئاشکرای دەکات کە هاوپەیمانی سەدر و بارزانی و حەلبوسی رێککەوتن لەسەر جەعفەر سەدر وەک کاندیدی سەدر بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران و رێبەر ئەحمەد بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار.



AM:10:07:22/03/2022