روونكردنەوەیەك لە (ئاراس شێخ جەنگی)یەوە


ئاراس شێخ جەنگی، برازای جەڵال تاڵەبانی رەتیدەكاتەوە كاتی خۆی مام جەلال هیچ بڕە پارەیەكی بۆ عەلی باپیر، سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی ناردبێت و پاشان داوایكردبێتەوە.

ئاراس شێخ جەنگی لە ڕوونكردنەوەیەكدا رایگەیاندووە "سەبارەت بەو قسانەی كاك حەمەی حاجی مەحمود كردویەتی گوایە مام جەلال پێیوتوە كە بە مامۆستا عەلی باپیر بڵێ ئەگەر رێككەوتنەكە جێبەجێ ناكەن با پارەكەمان بۆ بنێرێتەوە، حەز دەكەم ئەوە ڕونبكەمەوە ئەم كارە هەرگیز لە ئەخلاقی مام جەلال ناوەشێتەوە".  

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "لەلایەكی تر لەلایەن مام جەلالەوە هیچ بڕە پارەی وا نەنێردراوە بۆ مامۆستا عەلی باپیر، ئەگەر پارەش سەرفكرابێ ئەبێ من ئاگادار بوبم، چونكە لەو كاتەدا بەبێ ئاگاداری من هیچ بڕە پارەیەك لە سكرتاریەتی مام جەلال سەرف نەدەكرا و دەبوایە من ئیمزای لەسەر بكەم لەلایەن حساباتی سكرتاریەتی مام جەلالەوە، ئیتر نازانم كاكە حەمە ئەم شتەی بۆ چ مەبەستێك نوسیوە. بەڵێ مام جەلال یارمەتی هەموو لایەنەكانی داوە و هەموی تۆماركراوە".  

محەمەد حاجی مەحمود، سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان لە بەرگی پێنجەمی بیرەوەرییەكانی نووسیویەتی "لە كاتی لێدان لە كۆمەڵ لە 2003، عەلی باپیر، سەرۆكی كۆمەڵ بڕی 250 هەزار دۆلاری لە مام جەلال وەرگرتووە"، ئەم قسەیە كۆمەڵی دادگەریی نیگەران كردووە و وتەبێژ و زۆربەی سەركردەكانیان ئەو قسانە رەتدەكەنەوە.




PM:10:04:22/03/2022