سبەی بافڵ تاڵەبانی بەسەرۆکایەتی وەفدێکی یەکێتی دەگاتە بەغدا

دوای کەمبوونەوەی ئەگەری رێککەوتنی نێوان یەکێتی و پارتی لەسەر پرسی سەرۆک کۆمار، بڕیارە سبەی وەفدێکی باڵای یەکێتی بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی بگاتە بەغدا بۆ پاڵپشتیکردنی بەرهەم ساڵح کە تا ئێستا کاندیدی یەکێتی یە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار.

ئەو وەفدەی یەکێتی لە کاتێکدا سەردانی بەغدا دەکات، کە ئەمڕۆش چوار شەممە لە هەولێرەوە وەفدێکی پارتی بەسەرۆکایەتی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی، فازل میرانی گەیشتە بەغدا.

هاوپەیمانی سەدر و بارزانی و حەلبوسی سورن لەسەر ئامادەبوونی ٢٢٠ ئەندام پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار کە کاندیدی ئەو سێ لایەنە رێبەر ئەحمەدە، لەم بوارەشدا موقتەدا سەدر داوای لە بێلایەنەکانی ناو پەرلەمانی عێراق کرد کە بەشداری کۆبوونەوەکەی رۆژی ٢٦ ی ئازاری پەرلەمانی عێراق بکەن.
 
کۆبوونەوەی رۆژی ٢٦ ی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەیەکی گرنگ دەبێت، ڤیان سەبری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی پێشوویدا جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە کە ئەگەر ئەو کۆبوونەوەیە سازنەکرێت، ئەوا هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام دەدرێت.

لە دوای کاندیدکردنی رێبەر ئەحمەد لەلایەن پارتیەوە لە بری هۆشیار زێباری، پارتی زۆر کەم باسی رێککەوتنن لەگەڵ یەکێتیدا دەکات لەسەر کاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، هەرچەندە لەلایەن یەکێتی یەوە جۆرە نەرمیەک بەدیدەکرێت و، باس لە نامەیەکی بافڵ تاڵەبانی بۆ سەرۆکی پارتی دەکرێت لەسەر ئەو پۆستە و رێککەوتن لەسەر ناوێک، بەڵام مەسعود بارزانی و پارتی لەو بارەیەوە هیچ نەرمییەکیان نیشان نەداوە.

رۆژی یەک شەممە بۆ هاوپەیمانی سێ قۆڵی سەدر ، حەلبوسی ، بارزانی یەکلاییکەرەوەیە، گەر بتوانن رێژەی یاسایی ئامادەبێت کە ٢٢٠ ئەندام پەرلەمانە، ئەوا دەتوانن سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران لەوان بێت، لەم حاڵەتەدا نوێنەری پارتی، رێبەر ئەحمەد دەبێتە سەرۆک کۆمار، گەر نەشتوانرا ئەو ژمارەیە لە پەرلەمانتار ئامادەی کۆبوونەوەکە بکرێت، ئەوا کۆبوونەوەکە شکست دەهێنێت و پێشبینی بە ئایندەی پرۆسەی سیاسیەوە لە عێراقدا ناکرێت.



PM:06:14:23/03/2022