بنەماڵەی نەقیب محەمەد و هاوڕێ بریندارەکانی: سوڵحی عەشایەری ڕەتدەکەینەوە

بنەماڵەی نەقیب محەمەد، ئەو ئەفسەرەی شەوی چواری ئەیلولی ساڵی ڕابردوو لە ناوچەی تانجەڕۆی سلێمانی کوژرا و لەگەڵ چەند هاوکارێکی برینداری ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و دەڵێن" ئێمە كە بۆ جێبەجێكردنی یاسا چوبووین هەرگیز ناچینە سەر فەرشی هیچ سوڵحێكی عەشایری".

لە رونكردنەوەكەی بنەماڵەی نەقیب محەمەد و بریندارانی ئەو هێرشەدا هاتووە" ئەوەی لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باسدەکرێ لەپەنابردن بۆ سوڵحی عەشایەری بەمەبەستی چارەسەرکردنی کەیسەکە بەهەمو شێوەیەک دورە لەڕاستییەوە، ئەم خوێنە ڕژاوە، ئەم بارە دەرونییە ناجێگیرەی کە ئێستا دەیگوزەرێنین، لەگەڵ ئازاری ئەو فیشەکانەی بەجەستەمانەوەیە، بەهیچ شێوەیەک قابیلی هیچ سوڵحێک نییە. ئێمە جەختدەکەینەوەو پێداگرین لەسەرئەوەی کە دەبێت تاوانبارەکان دەستگیربکرێن‌و یاسا کاری خۆی بکات، ئێمە کە بۆ جێبەجێکردنی یاسا چوبوین، هەرگیز ناچینەسەر فەرشی هیچ سوڵحێکی عەشایەری". 

لە بەشێكی دیكەی رونكردنەوەكەدا ئاماژە بەوەش دراوە" تێپەڕبونی ئەو ماوە زۆرە بەسەر دەستگیرنەکردنی تاوانبارەکانی ئەم کەیسە سەرباری بەڵێنەکان‌ و هاتنە سەر خەتی خودی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، قوباد تاڵەبانی، جێی پرسیارە بەلای ئێمەشەوە". 

بنەماڵەی نەقیب محەمەد و هاوڕێ بریندارەكانی باس لەوەش دەکەن، ئەگەر دەنگۆی ڕاکردنی(تاوانباران) بۆ دەرەوەی هەرێم ڕاستە، ئەوا داوادەکەین بەفەرمی بۆ هەموان‌ و ڕای گشتی ڕونبکرێتەوە کە تاوانبارەکان چۆن توانیویانە دەربازی دەرەوەی هەرێم بن.

دەقی ڕوونکردنەوەکە:

رونکردنەوەیەکی پێویست بۆ رای گشتی و حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان

ىەڕێزان، ئێستا کە ئەم رونکردنەوەیە دەخوێننەوە زیاتر لە 110 رۆژ بەسەر روداوی تەقەکردن لە سەیارەکەی پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی تێپەڕیوە کە لەناوچەی تانجەرۆی سلێمانی، شەوی چواری دیسەمبەری 2021 رویدا.

تاوانبارانی ئەو هێرشە کە لەلایەن ئاسایشی گشتی پارێزگای سلێمانی و پۆلیسی ئینتەرپۆڵەوە داواکراون، هەتا ئێستا دەستگیر نەکراون و روونیش نییە کە ئایا هەر بەراستی توانیویانە دەربازی دەرەوەی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان ببن یان هێشتا لەناوخۆی هەرێمدا ماونەتەوە.

ئێمە لەچوارچێوەی جێبەجێکردنی ئەرکی فەرمی خۆمان و بە فەرمانی دادوەر چووبووین داواکراوێک دەستگیربکەین، بەڵام بەداخەوە هێرشمان کرایە سەر. جگە لە شەهیدبوونی هاوکاری خۆشەویستمان نەقیب محەمەد هاوکات چواری دیکەش برینداربووین کە برینی دوانمان سەختەو یەکێک لە بریندارەکان نیوەی لەشی لە جوڵە کەوتووە.

ئێمە وەک کەسوکاری شەهید نەقیب محەمەد لەتیف و دەربازبووە بریندارەکانی ئەو هێرشە، بەپێویستی دەزانین ئەم چەند خاڵەی خوارەوە بخەینە روو:

1- ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باس دەکرێ لە پەنابردن بۆ سوڵحی عەشایەری بەمەبەستی چارەسەرکردنی کەیسەکە بەهەموو شێوەیەک دوورە لە راستییەوە. ئەم خوێنە رژاوە، ئەم بارە دەروونییە ناجێگیرەی کە ئێستا دەیگوزەرێنین لەگەڵ ئازاری ئەو فیشەکانەی بەجەستەمانەوەیە بەهیچ شێوەیەک قابیلی هیچ سوڵحێک نییە. ئێمە جەختدەکەینەوە و پێداگرین لەسەر ئەوەی کە دەبێت تاوانبارەکان دەستگیر بکرێن و یاسا کاری خۆی بکات. ئێمە کە بۆ جێبەجێکردنی یاسا چووبووین، هەرگیز ناچینە سەر فەرشی هیچ سوڵحێکی عەشایەری.

2- تێپەڕبوونی ئەو ماوە زۆرە بەسەر دەستگیرنەکردنی تاوانبارەکانی ئەم کەیسە سەرباری بەڵێنەکان و هاتنە سەرخەتی خوودی بەڕێز جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، قوباد تاڵەبانی، جێی پرسیارە بەلای ئێمەشەوە. وێڕای سوپاس و رێزمان بۆ برادەرانی پۆلیس و ئاسایش و هێزە ئەمنییەکان کە بەچەندان شێوە هاوخەمی و دڵسۆزی خۆیان بۆ دووپات کردوینەتەوە. بەڵام ئەو هێرشەی کراوەتە سەر ئێمە پێویستە وەک روداوێکی گەورەتر سەیر بکرێ بەلەبەرچاوگرنتی پلە سەربازییەکەمان و ئەو راستییەش کەئێمە لەجێبەجێکردنی ئەرکدا هێرشمان کراوەتە سەر.

3- ئەوانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناویان دەهێنرێ و دەوترێ دەستیان هەبووە لە داڵدەدان یاخود رەوانەکردنی تاوانبارەکان بۆ دەرەوەی هەرێم، پێویستە لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە بکرێ. هاوکات ئەگەر دەنگۆی راکردنیان بۆ دەرەوەی هەرێم راستە، ئەوا داوادەکەین بە فەرمی بۆ هەموان و رای گشتی روونبکرێتەوە کە تاوانبارەکان چۆن توانیویانە دەربازی دەرەوەی هەرێم بن.

4- ئێمە وەک بریندارەکان هێشتا لە چاوەڕوانی بەڵێنەکانداین بەمەبەستی بردنە دەرەوەمان بۆ وەرگرتنی چارەسەر، بەڵام بەداخەوە دوای تێپەڕبوونی ئەو ماوە زۆرە هێشتا هیچکام لەو بەڵێنانە جێبەجێنەکراون. هەربۆیە بەپێویستی دەزانین جارێکی دیکە وەبیری هەمووانی بهێنینەوە کە ئەوەی ئێمە دەچێژین لە ئازاری جەستەیی و دەروونیی، پێویستی بە ئاوڕلێدانەوەی خێرا هەیە.

5- بەڵێنەکان بۆ چارەسەرکردنمان و پێدانی هەر ئیمتیازێکی دیکەی یاسایی، مافێکی دەستەبەرکراوی خۆمانەو بەهەموو شێوەیەک رەتیدەکەینەوە کە بخرێتە بری بێدەنگبوون و چاوپۆشیکردنمان لە دەستگیرکردنی تاوانبارانی ئەم کەیسە.

لەگەڵ رێزی دووبارەمان

ئاڵا لەتیف لە جیاتی خێزانی شەهید نەقیب محەمەد لەتیف

ئارام قادر

ئاکام هیدایەت

رێباز عومەر

سیروان حەسەن


PM:01:43:26/03/2022