(سپی) وردەكاری چەند پێشنیارێك بۆ چارەسەری مووچە بڵاودەكاتەوە


ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ چارەسەری موچەی خانەنشینان چەند پێشنیارێكی هەنووكەیی و دوورمەودای ئامادەكردووە و رەوانەی وەزارەتی دارایی دەكات بۆ پەسەندكردن.

ئەمڕۆ بە سەرپەرشتی ئازاد محەمەد ئەمین، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتی لقی سلێمانی بانكی ناوەندی ھەرێم، نوێنەری وەزارەتی دارایی و سەرجەم بەڕێوەبەری بانكەكانی سلێمانی بۆ دابەشكردنی موچە كۆبوونەوەیەك سازكراوە و تیایدا  پێشنیازەكانی چارەسەركردنی گرفتی پێدانی مووچە بەتایبەتی مووچەی خانەنشینان تاوتوێكران، سەرەڕای كێشەی كەمی پارە لە بانكەكان.

بەپێی راگەیەنراوی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، چەند راسپاردەیەكی ھەنوكەیی ئاراستەی وەزارەتی دارایی دەكرێن ئەوانیش "جیاكردنەوەی موچەی خانەنشینی سەربازی لەخانەنشینی مەدەنی لەكاتی دابەشكردنی مووچەدا، لەكاتی دانانی خشتەی موچەدا ئەولەویەت بدرێت بە خانەنشینان لەناو ریزبەندی وەزارەتەكاندا، زیادكردنی بینا و بنكەی دابەشكردنی موچە بۆ بانكەكان، لەھەر شوێنێك كە پێویست بێت، لەكاتی دابەشكردنی موچەی خانەنشیندا ، بەپێی ژمارەی ناسنامەی خانەنشینی یان بەپێی پیتەكانی ئەلفوبێی ناوەكانیان بێت، شوێنی گونجاو شایستە دابین بكرێت بۆ خانەنشینان لەكاتی چاوەڕێكردنیان بۆ وەرگرتنی موچەكانیان".

هەر بەپێی راگەیەنراوەكە بۆ چارەسەری دورمەوداش ئەم راسپاردانە ئامادەكراون "پەلە بكرێت لە جێبەجێكردنی قۆناغی دوەمی سیستمی بایۆمەتری، دابەشكردنی موچە بكرێت بە سیستمی كارتیی ئەلەكترۆنی،  پەلە بكرێت لە جێبەجێكردنی سیستمی  ژمارەی ھاوتای كەسی، ھەژماری بانكیی بۆ موچەخۆران و خانەنشینان بكرێتەوە".

لەسەرەتای ئەمساڵەوە مووچەی خانەنشینان لە سنوری پارێزگای سلێمانی تووشی گرفت دەبێت، ئەمەش هەفتەی رابردوو زیاتر زەق بۆوە كاتێك لەبەردەم بانكی تانجەرۆ لەشاری سلێمانی دوو خانەنشین لەكاتی نۆرەی موچە وەرگرتن گیانیان لەدەستدا.



PM:09:12:26/03/2022