پەروەردەی سلێمانی هۆشداری بە مامۆستایان دەدات

پەروەردەی سلێمانی بەڕێوەبەری قوتابخانەكانی ئاگادار كردۆتەوە ئەو مامۆستایانەی ئامادە نین دەوام بكەن ناوەكانیان بە نوسراو بەرز بكەنەوە لەڕێگەی سەرپەرشتیاری هاوڕێی ڕەخنەگر بۆ پەروەردە، چونكە قەیرانی بێمووچەیی بەڕاگرتنی دەوام چارەسەر نابێت و زەرەرمەندی سەرەكیش قوتابیان و خوێندكاران دەبن.

بەپێی زانیارییەكانی (سپی) كە لە بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی سلێمانی دەستی كەوتوون، ئەو بەڕێوەبەرێتییە بەڕێوەبەری قوتابخانەكانی ئاگاداركردۆتەوە كە بۆ تەواوكردنی ساڵی خوێندن چەند هەفتەیەكی ماوە، قوتابیان و خوێندكاران چاوەڕوانی تەواوكردنی ساڵێكی خوێندنن، بۆیە دەستخۆشی لەمامۆستایان دەكەن بەپابەندبوونیان بە دەوامەوە سەرەڕای هەبوونی قەیران وبێدادی، بەڵام پرۆسەی خوێندن تووشی كێشەی ڕاگرتن ناكەن.

پەروەردەی رۆژهەڵات وتویەتی "داواكارین بۆ ئەوەی هەوڵ و ماندووبوونی مامۆستایان لەبەرچاو بگیرێ بەزووترین كات ناوی ئەو مامۆستایانەی ئامادەنین دەوام بكەن بە نوسراو بەرز بكەنەوە لەڕێگەی سەرپەرشتیاری هاوڕێی ڕەخنەگر بۆ پەروەردە، بەهیوای پابەندبوونی تەواوی مامۆستایانین لەناوەندەكانی خوێندن، چونكە ناخوازین هیچ كەس لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ بكرێت، چونكە قەیرانی بێمووچەیی بەڕاگرتنی دەوام چارەسەر نابێت و زەرەرمەندی سەرەكیش قوتابیان و خوێندكاران دەبن".

لە سەرەتای ئەم مانگەوە بەهۆی دواكەوتنی دابەشكردنی مووچەی مانگی شوباتەوە، ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی بڕیاریدا بە راگرتنی دەوام تا دابەشكردنی موچە، ئەوەش لە كاتێكدایە لە ئەمڕۆوە دەوام دەستی پێكردۆتەوە.




PM:09:44:26/03/2022