سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت" زۆرینه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان، كه هەڵبژاردنی هه‌رێمی كوردستان چوار بازنه بێت و بۆ پرسی كۆمسیۆنێش دووبارەی جیاواز هەیە".
ڕێواز فایەق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی هەرێمى كوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە له میانی پێشکەشکردنى وتارێك له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و چۆنێتی به‌ڕێوه‌چوونی پڕۆسه‌كه لە شارى هەولێر ڕایگه‌یاند" ئه‌و ژینگه و هه‌لومه‌رجه سیاسییه‌ی، كه ئێستا و له سه‌ره‌تای ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مان هه‌یه زۆر جیاوازه له هه‌موو كاتێكی دیکە، چونکە له‌وه‌ته‌ی ئێمەى تێداین سه‌قامگیر نه‌بووه ئێمه موه‌فه‌ق نه‌بوین له په‌رله‌مان، كه ڕه‌نگه به‌شێكی په‌یوه‌ندی به سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانه‌وه هه‌بێت، ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به سه‌رۆكایه‌تییه‌وه هه‌یه بۆخۆم ئاماده‌م به‌رپرسیارێتیه‌كه‌ی هه‌ڵبگرم، ئاماده‌م ڕوونكردنه‌وه‌ی له‌سه‌ربده‌م".
ڕێواز فایەق وتیشی" ئێستا په‌رله‌مانى هەرێم له نێوان دوو لێكتێگه‌یشتندایه بۆ بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن، هه‌ندێك له‌گه‌ڵ یه‌ك بازنه‌یی و هه‌ندێكی دیكه‌ش له‌گه‌ڵ فره‌بازنه‌ییدایه، بەڵام زۆرینه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان، كه هه‌رێمی كوردستان چوار بازنه بێت، بە جۆرێک هه‌ندێك ده‌ڵێن، با كۆمسیۆن كارابكه‌ینه‌وه ئینجا ده‌ست بۆ یاسای هه‌ڵبژاردن به‌رین، هه‌ندێكی دیكه ده‌ڵێن، با یاسای هه‌ڵبژاردن بگۆڕین پاشان ده‌ست بۆ كۆمسیۆن به‌رین و هه‌ردوو به‌ره‌كه‌ش تێگه‌یشتنی خۆیان هه‌یه".
ئەوەشی خستەڕوو، كۆمسیۆنی باڵای راپرسی و هەڵبژاردنەكان تەنها دامەزراوەیەكی یاسایی نییە، بەڵكو ڕەهەندی سیاسیشی هەیە، بۆیە دەبێت نەك كارا بكرێتەوە، بەڵكو دروست بكرێتەوە.
جێگەى ئاماژەیە، ڕۆژى ٢٤ ى مانگى ڕابردوو نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان رۆژى ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ى بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پەرلەمان دیاریکرد، بەڵام كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێم ڕایگەیاند، له كاتی ئێستادا ماوه‌ی یاسایی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی كۆمیسیاران له كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسی كۆتاییهاتووه، بۆیە له ڕووی یاساییه‌وه له ئێستادا ناتوانین به‌وكاره هه‌ستین له‌به‌ر ته‌واوبوونی ماوه‌ی یاسایی.