بەغدا؛ بە سەدان کەس لە شیعەكان هێرش دەكەنە سەر بارەگایەكی پارتی

تویتێكی ئەندامێكی وەفدی پاڵپشتیکردنی ڕێبەر ئەحمەد کاندید بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار سەدان کەسی لە شیعەكانی شاری بەغدای تووڕە كردووە و پێیانوایە بێڕێزییە بەرامبەر مەرجەعیەت، بۆیە هێرشیان كردە سەر بارەگای پارتی لە بەغدا.

بەهۆی تویتی ئەندامێكی پاڵپشتیکردنی ڕێبەر ئەحمەد بە ناوی نایف كوردستانی كە ڕایگەیاند بوو" تەنها ڕێزی مەرجەعیەتی عەرەب لە ئالوبەیت دەگرین، نەك فارسی و ئەفغانی و ئەوانی تر، ئەوەش بووە توڕەیی شەقامی شیعە و ئەمشەو بەرەو بارەگای پارتی لە بەغدا هێرشیان كرد، بەڵام هێزە ئەمنیەكانی حكومەتی عێراق بارەگاكە دەپارێزن".

لەو بارەیەوە وتەبێژێك بەناوی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاندووە "پارتی رێزی هەموو مەرجەعییەتەكان دەگرێت و بەتوندی ئیدانەی تویتی د.نایف كوردستانی دەكەن كە سوكایەتی بەیەكێك لە مەرجەعە شیعییەكان كردووە، بەڵام ئەو كەسە هیچ پەیوەندییەكی بە پارتییەوە نییە و تویتەكانی بۆچوونی كەسی خۆیەتی".  

ئەو تویتەی نایف كوردستانی لە كاتێكدایە پارتی دیموكراتی كوردستان رێككەوتنی لەگەڵ موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر كردووە كە بەشێكن لە هاوپەیمانی (رزگاركردنی نیشتمان) كە هاوپەیمانی سیادەش لەخۆ دەگرێت و دەیانەوێت پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بۆ پارتی مسۆگەر بكەن.


PM:11:54:27/03/2022