بایدن پاڵپشتی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە


جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا لە نامەیەکدا بۆ نێچیرڤان بارزانی پاڵپشتی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە.

راگەیاندنی سەرۆکایەتی هەرێم بڵاویکردەوە، رۆژی چوارشه‌ممه‌ ٣٠ ی ئازار نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی ‏كوردستان، پێشوازیی له‌ ماتیو توله‌ر، باڵیۆزی ئەمریکا له‌ عێراق كرد.‏ بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، "له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا به‌ڕێز باڵیۆزی ئەمریکا نامه‌یه‌كی سه‌رۆك جۆ بایدن سه‌رۆكی ‏ویلایەتە یه‌كگرتووه‌كانی ئەمریکای گه‌یاندووەتە سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی كه‌ تێیدا ‏جه‌خت له‌ پشتگیریی ئەمریکا بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان كراوه‌ته‌وه‌".

لە راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا هه‌ردوولا دۆخی سیاسیی عێراق، هه‌نگاوه‌كانی پرۆسه‌ی سیاسی و كۆبوونه‌وه‌كانی ‏ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، دۆخی هه‌رێمی كوردستان و پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ‏داهاتووی هه‌رێمی كوردستان، په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا و پێشبینییه‌كانیان بۆ ‏داهاتووی پرۆسه‌ی سیاسی له‌ وڵات تاوتوێ كرد.‏

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر پێویستیی هه‌بوونی سیستمێكی حوكمڕانیی ته‌ندروست له‌ عێراق له‌سه‌ر بنه‌مای متمانه‌ و هاوبه‌شیی راسته‌قینه‌ و پابه‌ندیی به‌ ده‌ستوور و بنه‌ماكانیه‌وه‌ كه‌ ته‌نیا رێگه‌یه‌ بۆ ئارامی و سه‌قامگیری و ‏جه‌ختیان له‌ گرنگیی بنیاتنانی متمانه‌ و لێكگه‌یشتنی هاوبه‌شیی نێوان لایه‌نه‌ ‏عێراقییه‌كان بۆ تێپه‌ڕاندنی دۆخه‌كه‌ و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان كرده‌وه‌.‏



PM:04:46:30/03/2022