"پێوست بوو حزبە دەسەڵاتدارەکان شەڕی مافەکانی خەڵکیان بکردایە نەوەک پۆست و ئیمتیازات"

ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان رایدەگەیەنێت" پێویست بوو حزبە دەسەڵاتدارەکان بە بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتیمانی هاوبەشەوە لە بەغدا مامەڵەیان بکردایە نەوەک شەری پۆست و ئیمتیازاتی خۆیان بکەن". 

ئەمڕۆ پێنجشەممە ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا و دواتریش راگەیەندراوێکی لەبارەی دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکەوە بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد" لایەنە دەسەڵاتدارەكانی هەرێمی كوردستان وێڕای هەموو جیاوازیەكانیان، دەبوایە بەیەك بەرنامە و پرۆژەی نەتەوەیی و نیشتمانی هاوبەشەوە لە بەغدا مامەڵەیان لەگەڵ دۆخەكەدا بكردایە بەشێوەیەك مافە دەستوریەكانی هەرێم و شایستە داراییەكان و چارەسەركردنی كێشەی ناوچەكانی ماددەی (١٤٠)ی لە خۆبگرتایە، نەوەک تەنها شەڕی پۆست و ئیمتیازاتی حزبی خۆیان بكەن". 

باسیان لەوەشکردووە، هەڵوێستی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان دوورە لە چوونە ناو هەر ریزبەندی و ئەجێندایەكی دەرەكی و نەخوازراو، بەڵكو یەكگرتوو خاوەنی سەربەخۆیی بڕیاری سیاسی خۆیەتی و وەك هەمیشە لە خزمەت بەرژەوەندیەكانی ئێستا و ئایندەی هەرێم بڕیار و هەڵوێستی وەرگرتووە.

لە بارەی دۆخی ناوخۆی هەرێمەوە ئەوەخراوەتەڕوو، هەڵوێستەیان کردووە لەسەر لاوازكردنی رۆڵی پەرلەمان و شكستی حكومەت لە ئەنجامدانی هەر چاكسازیەكی راستەقینە لەسەرجەم بوارەكانی حوكمڕانیدا بەتایبەت سێكتەرەكانی كارەبا و رەخساندنی هەلی كار و دابینكردنی خزمەتگوزاریەكان و سوتەمەنی بە نرخێكی گونجاو و دابەشكردنی مووچە لەكاتی خۆیدا و بەشێوەیەک كە شكۆ و كەرامەتی موچەخۆران بە گشتی و خانەنشینان بە تایبەتی پارێزراوبێت.

جەخت لەوەشکراوەتەوە، لەكاتێكدا نرخی نەوت لە بازارەكانی جیهاندا زۆر بەرزبۆتەوە و هیچ پاساوێك نەماوە بۆ درێژەدان بەم دۆخە خراپ و نەخوزاراوەی كە رووبەرووی موچە خۆران و توێژی خانەنشینان بۆتەوە.

دەشڵێت" پێویستە حزبە دەسەڵاتدارەکان كۆتایی بەم دۆخە ناهەموارە بهێنن كە جگە لە خراپبوونی باری ژیان و گوزەرانی زۆرینەی خەڵكی كوردستان، بێزاری و نائومێدیش هەموو سنوورێكی بەزاندووە، هاوكات بووەتەمایەی شەرمەزاری و ناوزڕاندنی سومعە و شكۆی هەرێمی كوردستان و گەلەكەمان لەسەر ئاستی ناوچەكە و جیهان". 

لەبارە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستانیشەوە ئاماژەی بەوەکردووە، یەکگرتوی ئیسلامی جەختی كردەوە لەسەر ئەوەی كە پێویستە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەكاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت و بۆ ئەو مەبەستە پێویستە لەرێگای سازان لە نێوان فراكسیۆنەكانی پەرلەمان بە زووترین كات یاسای هەڵبژاردنەكان هەمواربكرێتەوە و كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان كارابكرێتەوە و هەموو پێداویستیەكانی تر تەواو بكرێن.


PM:07:12:31/03/2022