وەزارەتی بازرگانی هۆشداری بە فرۆشیاران دەدات


وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكومەتی هەرێمی كوردستان هۆشداری بە بازرگانان دەدات كە لە مانگی رەمەزاندا نرخەكان بەرز نەكەنەوە، چونكە بە وردی چاودێرییان دەكەن، دڵنیاییش دەدات لە بوونی كاڵای زۆر لە كۆگاكان.

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە "لەم مانگەدا هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ چاودێریكردنی بازاڕ و كۆنتڕۆڵكردنی نرخی خۆراك و پێداویستیەكانی هاوڵاتیان، هەر كەس و بازرگانێك سەرپێچی بكات رووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە". 

وەزارەتی بازرگانی ئاماژەی بەوەكردووە، بۆ ئەم مەبەستەش تیمەكانی چاودێری بازرگانی سەر بە بەرێوەبەرایەتی گشتی بازرگانی بەردەوامن لە گەڕان و بەدواداچوون لەسەرجەم شارو شارۆچكەكان.
 
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هاوڵاتیان ئاگادار دەكاتەوە كە هاوكاریان بن، لەكاتی بینینی هەر قۆرخكاری و دیاردەیەكی نا ئاسایی لە مامەڵەكردن لە خوراك و پێداویستیەكانی خەلك و بوونی هەر كاڵایەكی بەسەرچوو تیمەكانیان ئاگادار بكەنەوە. 

هەروەها دەڵێت "بەپێویستی دەزانین دڵنیایی بدەینە هاوڵاتیان كە خۆراك و كەلوپەلی بەشی پێداویستی خەڵك، لەكۆگاكاندا هەیە و بە هاوكاری بازرگانەكان دابینكراوە، دابەشكردنی سەبەتەی خۆراكیش لەڕێگەی بریكارەكانەوە بەردەوامە".



PM:01:46:03/04/2022