سەرۆكی ئۆكرانیا لە شارۆچكەیەكی وڵاتەكەیەوە پەیامێك بۆ جیهان دەنێرێت


ڤۆلۆدیمێر زێلێنسكی، سەرۆكی ئۆكرانیا رایگەیاند، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تاوانەكانی بوچا وەك جینۆساید دەناسێنێت و جەختیشی كردەوە "دەمەوێت دایكی یەك بە یەكی سەربازە رووسەكان بەچاوی خۆیان وێنەی ئەو خەڵكە سڤیلە ببینن، كە لە بوچا كوژراون".

دوای كۆنترۆڵكردنەوەی شارۆچكەی بوچا و دۆزینەوەی تەرمی زیاتر لە 300 كەسی سڤیل، سەرۆكی ئۆكرانیا سەردانی ئەو شارۆچكەیەی كرد و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "دەمەوێت دایكی یەك بە یەكی سەربازە رووسەكان وێنەی كوژراوەكانی بوچا ببینن، رۆژانە كە سەربازەكانمان دەچنە ناو ئەو ناوچانەی لە سوپا وەردەگیرێنەوە، دەبینن كە چی روویداوە، دەمەوێت دایكی یەك بە یەكی سەربازە رووسەكان بەچاوی خۆیان وێنەی ئەو خەڵكە سڤیلە ببینن، كە لە بوچا كوژراون".

ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا "ئێستا وێنەی رووسیا لە هەموو جیهان بووەتە وێنەی كوژراوەكانی بوچا، كە چۆن دەستیان بەستوونەتەوە و ئەشكەنجەیان داون و دواتریش كوشتوویانن".

سەرۆكی ئۆكرانیا دووپاتیكردەوە "ئەوەی لە بوچا روویداوە تاوانی جەنگە، ئەم تاوانەش لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە وەك جینۆساید دەناسێنرێت".



PM:10:31:04/04/2022