محەمەدی حاجی مەحمود ئامانجی سەردانەكەی بۆ لای بارزانی ئاشكراكرد


محەمەدی حاجی مەحمود، سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت، سەردانەكەی بۆ لای بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ چارەسەری ئەو كێشە و گرفتانەن كە ئێستا لە كوردستان و عێراقدا هەیە و دەڵێت "راوبۆچوونەكانی كاك مەسعود باشبوون بەگشتی، ئەو لەگەڵ ئاشتیدایە لەگەڵ هەموو لایەك لەگەڵ چارەسەری كێشەكاندایە كە هەنگاوی بۆ بنرێت، ڕەنگە ئەوە ڕووبدات".

سەبارەت بە سەردانەكەی بۆ لای بارزانی، محەمەدی حاجی مەحمود، سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان بە دەنگی ئەمەریكای راگەیاندوە "لەڕاستیدا ماوەیەك بوو هەوڵی ئەوە دەدرا كە چارەسەری ئەو كێشانە بكرێت، ئەو گیروگرفت و قەیرانانەی لە كوردستان و عێراق و ناوچەكەی گرتۆتەوە لەڕاستیدا كوردیش یان خەڵكی هەرێمی كوردستان باجی زۆری قەیرانەكان دەدات".

هەروەها باسی لەوەكردوە "من ڕەنگە لە ڕاگەیاندن باسم نەكردبێت، بەڵام من بەردەوام لەسەر هێڵی تەلەفون بووم چ لەگەڵ جەنابی سەرۆك بارزانی یان لەگەڵ جەنابی كاك بافڵ تاڵەبانی تەنانەت لەئەڵمانیاش نەخۆش بووم لەوێشەوە هەر لەسەر هێڵی تەلەفون بووم لە كۆبوونەوەی پێشووش هەر هەوڵمدا باش بوو كاك بافڵ سەردانی جەنابی كاك مەسعودی كرد، من بەردەوام بووم لەوانە و نەوەستاوم بەڵام ڕەنگە لە ڕاگەیاندن باسم نەكردبێت".

ناوبراو پێیوایە لە ئێستادا دۆخەكان بەرەو خراپی دەڕوات و وتی "ئێستاش ئەمجارەیان من بارودۆخەكان بەگرژی و مەترسی دەبینم لە هەرێمی كوردستان و لە عێراق و لە ناوچەكە واتە شتەكان وایانلێهاتووە، ڕەنگە زۆربەی بڕیارەكان لە هەرێمی كوردستان نەدرێت، بەڵكو هەندێك لە بڕیارەكان لە دەرەوە بدرێت، بەهۆی ئەوانەوە سەردانی كاك مەسعود بارزانیم كرد".

محەمەد حاجی مەحمود وتویەتی "لەسەر ئەم بارودۆخانە قسەمان كردووە و چارەسەری قەیرانەكان و كێشەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی نێوان یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان كە بۆتە كێشەی هەموو لایەك هەروەها كێشەی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغداد، كێشەی شیعە و شیعە، كێشەی كورد و شیعە، كێشەی سونە و ئەوانی تر، ئەمانە هەمووی باسم كردووە‌ لەگەڵ بارودۆخی ناوچەكە، موشەكەكانی ئێران كە لە هەرێمی كوردستانی داوە ئەمانە كۆی باسەكان بوو لەگەڵ جەنابی سەرۆك بارزانی قسەمان كردووە، ئەوەی من بینیم، لێكگەیشتنی باش هەبووە، هەروەها كێشەی پەكەكەش لەو ناوچەیەدا ئەویش یەكێكە لە كێشەكان لەسەر ئەمانە هەمووی قسەمان كردووە،‌ راوبۆچوونەكانی كاك مەسعود باشبوون بەگشتی، ئەو لەگەڵ ئاشتیدایە لەگەڵ هەموو لایەك لەگەڵ چارەسەری كێشەكاندایە كە هەنگاوی بۆ بنرێت، ڕەنگە ئەوە ڕووبدات".

محەمەدی حاجی مەحمود ئاشكرای دەكات كە لە بەغدادیشەوە داوایان لێكردووە هەنگاو بۆ چارەسەر بنێت و وتی "لە بەغدادیش داوایان لێكردووم  چەند جارێك، بەڵام ڕەنگە وەفدیش لەبەغدادەوە لەم ڕۆژانەدا بێتە هەولێر سەردانی جەنابی كاك مەسعود بارزانی بكات ڕەنگە كۆمەڵێك گۆڕانكاری بكرێت، هەر خۆی موقتەدا سەدر چۆتە خەڵوەتەوە نازانم چل ڕۆژه،‌ بەڵام چارەسەرەكان دەكرێت، سەدریش دەزانێت كە بێ ئەو ئاسان نییە چارەسەرەكان لە بەغداد بكرێت".

هەروەها وتویەتی "بەڵام هەوڵ دەدرێت ئێستا شیعەكان لەسەر سەرۆك وەزیران كێشەیان هەیە، كوردیش لەسەر سەرۆك كۆمار كێشەیان هەیە، هیوادارم ئەوەی ئێستا وەكو دەرگایەك كراوەتەوە و هەنگاو نراوه،‌ بەڵكو بتوانین بگەیەنە ئەنجامی باشتر و كاری باشتر، بەڵام نەرمی هەموو هێزە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان و بەتایبەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستانی دەوێت".




AM:11:05:05/04/2022