کۆمیسیۆن: پەرلەمان هیچیان بۆ نەکردین

سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسی لە ھەرێمی کوردستان کە ماوەکەیان بەسەرچووە ڕایدەگەیەنێت" لە ساڵی ٢٠١٩وە ئێمە داوای چارەسەری کێشەی بەسەرچوونی کۆمیسیۆن دەکەین لە پەرلەمان، بەڵام تاوەکو ئێستا نەیانکردووە". 

ھەندرێن محەمەد ساڵح، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسی لە ھەرێمی کوردستان کە ماوەکەی بەسەر چووە بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕاگەیاند" لە ساڵی ٢٠١٩ەوە ئێمە نوسراوێکمان بۆ پەرلەمان کرد لە بارەی بەسەرچوونی کۆمسیۆن بۆ ئەوەی چارەسەریەکمان بۆ بکەن و دواتر نوسراوێکی دیکەمان بۆ پەرلەمان کرد و باسیان لەوەکرد کە دوای کاراکردنەوەی دەستەی مافی مرۆڤ کێشەی کۆمیسیۆن چارەسەر دەکەین، بەڵام ئەویش نەکرا".

ئەوەشی خستەڕوو، کە دوای دووەم نوسراویش ھیچیان بۆ نەکردین دوای دەرچوونی مەرسوومی سەرۆکایەتی بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن جارێکی دیکە نوسراومان بۆ پەرلەمان کردووە، بۆ ئەوەی کێشەی کۆمیسیۆن چارەسەربکەن، بەڵام ئێستاش ھیچیان نەکردووە و ئێمەش ناتوانین ھیچ کارێک بکەین تاوەکو کێشەی کۆمیسیۆن یەکلایی نەکرێتەوە. 


PM:05:04:05/04/2022