"یەکێتی و پارتی دەنگیان بە بەرهەم ساڵح نەدا"

لە پرۆسەی دەنگدانی شەوی رابردووی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا، یەکێتی و پارتی دەنگیان بە بەرهەم ساڵح نەدا.
سەرچاوەیەک لەنێو پەرلەمانتارانی کورد لە پەرلەمانی عێراق بە سپی میدیای راگەیاند کە دوێنێ لەپرۆسی دەنگدان بۆ یەکلاییکردنەوەی کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار "پارتی و لایەنی دەستڕۆشتووی ناو یەکێتی رێککەوتبوون کە دەنگ نەدەن بە بەرهەم ساڵح".
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە زۆرێک لەپەرلەمانتارانی گۆڕان و یەکگرتوو و کۆمەڵ دەنگیان بە بەرهەم ساڵح داوە" لەکاتێکدا کە حیزبەکەی خۆی پێی نەداوە".
بەپێی قسەکانی ئەو پەرلەمانتارە دەنگەکانی پەرلەمانتارانی یەکێتی بۆ د. بەرهەم ساڵح لە ٧ دەنگ تێپەڕی نەدەکرد" لە کاتێکدا ئەو دوای پەرلەمانتارانی یەکێتی دەنگیان بە د. فواد مەعسوم داوە کە زۆر باش دەزانن کە فواد مەعسوم خۆی لە نامەیەکدا بەرهەم ساڵح بە شیاوتردەزانێت لەخۆی، هەروەها ئەو ئەندام پەرلەمانتارانەی یەکێتی لەهەموو کەس باشتر دەزانن کە د.فواد مەعسوم نەخۆشەو تەمەنیشی یارمەتی کاری ئەو پۆستەی نادات".
ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوە کرد سەفقەکەی نێوان پارتی و یەکێتی دوێنێ ئەنجامدراوەو پارتی ئامانجی خۆی هەیە لەم سەفقەیە، لەلایەکەوە بۆ ئەوەی بەربگرێت لەباڵی دەسترۆشتووی ناو یەکێتی تا دەنگ بە د. نەجمەدین نەدەن، یان دووری بخەنەوە لە پرۆسەکە، لەلایەکی تریشەوە بۆ ئەوەی هەمیشە یەکێتی لە ملاملانێدا بمێنێتەوە.
ئەو پەرلەمانتارە بەدووری نەزانی کە سەفقەکە ئێرانیشی تیا بێت، چونکە راستە لەم دواییانەدا ئێران پشتگیری بەرهەم ساڵحی دەکرد بۆ ئەو پۆستە، بەڵام هەمیشە ئەو وڵاتە لە پەیوەندی ساڵح لەگەڵ بارزانی و لەگەڵ ئەمەریکا ترساوە.
ئەو سەرچاوەیە لەپەرلەمانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە پێناچیت تەندروستی یارمەتی فواد مەعسوم بدات ئەگەر هەڵبژێردرێت بۆ ئەو پۆستە، ئەدایەکی باشتر لە تاڵەبانی لە رووی تەندرووستیەوە پێشکەش بکات.       



AM:10:44:24/07/2014