لێدوانێكی نوێ لە پارتییەوە سەبارەت بە هەمواری یاسای هەڵبژاردن


فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، ئەوان پڕۆژەی ھیچ لایەنێكیان بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن و كۆمسیۆن رەتنەكردۆتەوە، بەڵام پڕۆژەكان نەخراونەتە كۆبوونەوەی پەرلەمانەوە.

زانا مەلا خالید، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی حیزبەكەی راگەیاندووە "پارتی پڕۆژەی ھیچ لایەنێكی لەبارەی ھەڵبژاردن و ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنەوە ڕەتنەكردۆتەوە، بەڵام ھیچ پڕۆژەیەك نەخراوەتە كارنامەی كۆبوونەوەكانی پەرلەمانەوە، ئێمە چاوەڕێ دەكەین لە كۆبوونەوەی پەرلەمان پڕۆژەكانی تایبەت بە ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن و كاراكردنەوەی كۆمسیۆن بخرێنە كارنامەی كۆبوونەوەی پەرلەمانەوە.''


ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "دیار نییە كەی كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە دەچێت، بەڵام ئێمە پێشتر ھۆشداریمان داوەتە سەرۆكی پەرلەمان بۆ كۆبوونەوە و، كار بۆ ئەوە دەكەین كۆبوونەوەی پەرلەمان بەڕێوە بچێت بۆ ئەوەی پرسی كاراكردنەوەی كۆمسیۆن و یاسای ھەڵبژاردن لەلایەن پەرلەمانەوە یەكلایی بكرێتەوە''.

بڕیارە رۆژی 1ی 10ی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدرێت، بەڵام پارتی و پێكهاتەكان دەیانەوێت هەڵبژاردن بە یەك بازنەیی بكرێت، لایەنەكانی دیكەش دەیانەوێت بكرێتە فرە بازنەیی.



PM:07:08:09/04/2022