"ئەگەر كوردستان بكرێتە چوار بازنەی هەڵبژاردن پارتی زەرەرمەندی یەكەمە"


شارەزایەكی بواری هەڵبژاردن رایدەگەیەنێت، بەپێی شیكارییەك كە خۆی كردوویەتی، بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەگەر بە چوار بازنە بكرێت پارتی دیموكراتی كوردستان زەرەرمەندی یەكەمە و چوار كورسی لەدەست دەدات.

ئارام جەمال، لە پەیمانگەی كوردی بۆ هەڵبژاردن رایگەیاندووە "بەپێی ئەو شیكارییەی لەبەر رۆشنایی داتا و زانیارییەكانی خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا ئەنجامم داوە، ئەگەر هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی كوردستان بە یەك بازنە بێت ئەوا لە بەرژەوەندی پارتییە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "بەڵام ئەگەر بكرێتە چوار بازنەی (هەولێر، سلێمانی، دهۆك و هەڵەبجە)، ئەوا ئەنجامەكەی لە بەرژەوەندی (یەكێتی، نەوەی نوێ، كۆمەڵی دادگەریی، بزوتنەوەی گۆڕانە) و ئەوەی بە پلەی سەرەكی زەرەرمەندە پارتییە كە چوار كورسی لە دەست دەدات و دواتر یەكگرتوی ئیسلامی دوو كورسی كەم دەكات، پارتی سۆشیالیست تاكە هێزە كە نە قازانج دەكا ت و نە زەرەر".

لەم خولەی پەرلەمانی كوردستان پارتی دیموكراتی كوردستان براوەی یەكەمە و 45 كورسی بەدەستهێناوە، بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەش داوا دەكاتەوە هەڵبژاردن بە یەك بازنە بێت.



PM:08:11:09/04/2022