مونا قەهوەچی: كەمكردنەوەی كورسی پێكهاتەكان رەتدەكەینەوە


مونا قەهوەچی، سكرتێری پەرلەمانی كوردستان لە پێكهاتەكان توركمان رایدەگەیەنێت "بەئامانجی كەمكردنەوەی كورسی كۆتای پێكهاتە نەتەوەییەكان، باسی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن دەكرێت كە ئەوانیش كەمكردنەوەی كورسییەكانیان رەتدەكەنەوە".

مونا قەهوەچی، سكرتێری پەرلەمانی كوردستان لە پێكهاتەكان توركمان رایگەیاندووە "مەبەستی سەرەكی لە پێدان و دیاریكردنی كورسی كۆتا بۆ پێكهاتەكان بۆ پاراستنی ماف و گوزارشتكردن لە ویستەكانیان و بەرگریكردن لە مافەكانی خۆیان بوە، بەڵام بەداخەوە لە ئێستادا ژمارەیەك لایەنی سیاسی پاشگەزبونەتەوە لە دیموكراسیەت و لە سیستەمی كوتا".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "هەر كاتێك ململانێی سیاسی نێوان لایەنەكان و یەكلاییكردنەوەی پرس و پێشهاتێكی سیاسی لە پەرلەمان، لێرە و لەوێ هێرشی نارەوا دەكرێتە سەر پێكهاتەكان ئاماژەی بەهەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن دەدرێت بە ئامانجی كەمكردنەوەی كورسی كۆتای پێكهاتە نەتەوەییەكان".

 
قەهوەچی روونیكردۆتەوە "پێكهاتەكانی كوردستان هەر هەوڵێكی لەم شێوەیە بەمەبەستی دەستكاریكردن و كەمكردنەوەی رێژەی كورسی كۆتا لە پەرلەمانی كوردستان رەتدەكەنەوە و هەوڵێكە بۆ تێكدانی پێكەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان پێكهاتەكان لە هەرێمی كوردستان و پێشێڵكردنی مافی پێكهاتەكانە".

پێكهاتەكان لە پەرلەمانی كوردستان 11 كورسیان هەیە، بۆ هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانیش پارتی دیموكراتی كوردستان و پێكهاتەكان داوا دەكەن هەڵبژاردن بە هەمان ئەم یاسایەی ئێستا و سیستەمی یەك بازنەیی بكرێت، لایەنەكانی دیكەش داوای هەمواری یاسا و سیستەمی چوار بازنەیی دەكەن.



PM:09:44:10/04/2022