وردەكاری كۆبوونەوەی وەفدی هەرێم و وەزارەتی نەوتی عێراق


وەزارەتی نەوتی عێراق رایدەگەیەنێت "ناردنی سەرجەم ئەو گرێبەست و رێككەوتنانەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتان و كۆمپانیا نەوتییەكان واژۆی كردووە بۆ وەزارەتی نەوتی عێراق بەمەبەستی پێداچوونەوە و هەمواركردن و چاككردنیان، لەگەڵ كردنەوەی هەژمارێكی بانكی لە بانكێكی نێودەوڵەتی و داهاتەكانی فرۆشتنی نەوتی تێدا هەڵبگیرێت".
 
ئەمڕۆ دوای كۆبوونەوەی شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق، وەزارەتی نەوت راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاندووە "پرەنسیپە گشتییەكانی وەزارەتمان بریتییە لەوەی هەرێمی كوردستان سەرجەم ئەو گرێبەستانە رەوانە بكات كە لەگەڵ وڵاتان و كۆمپانیا نەوتییەكان واژۆی كردووە بەمەبەستی پێداچوونەوە و هەواركردنەوە و چاككردنیان، جگە لەوەی ئەو لایەنەی واژۆی كردووە دەگۆڕدرێت بۆ كۆمپانیایەكی نەوتی، كە بۆ ئەو مەبەستە دروست دەكرێت بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و بارەگاكەی لە هەولێر دەبێت".
 
هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە "ئەو كۆمپانیایە موڵكی دەسەڵاتی فیدڕاڵی دەبێت و رێگەی پێدەدرێت هەموو چالاكییە نەوتییەكان بكات بەپێی ئەو دەسەڵات و پێوەر و رێوشوێنانەی ئامادەدەكرێت و دەخەمڵێندرێت لەلایەن كۆمپانیای نەوتی نیشتمانی و وەزارەتی نەوتی عێراق."
 
وەزیری نەوتی عێراق باسی لەوەكردووە "پرەنسیبە گشتییەكانمان ئەوەش لەخۆدەگرێت كە هەژمارێكی بانكی لە یەكێك لە بانكە جیهانییەكان دەكرێتەوە بۆ دانانی پارەی داهاتەكانی فرۆشتن و هەناردەكانی نەوتی خاو تێیدا و ئەو هەژمارە داراییە سەر بە وەزارەتی دارایی دەبێت و بەكاردەهێنرێت بۆ دابینكردنی پارەكان بۆ بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان، لەكاتێكدا ئەگەر لە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵییەوە درەنگ نێردرا."
 
لە بەرامبەردا خالید شوانی، وەزیری هەرێم بۆ كاروباری دانوستاندن "رایانگەیاندووە دەگەڕێنەوە بۆ هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی راوێژ لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەن لەپێناو دەستپێكردنەوەی گەڕی دووەمی دیالۆگ و گفتوگۆ، وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بۆ تێگەیشتنی ئەندامانی شاندەكەی هەرێمی كوردستان بۆ ئەو بابەتانە كردووە كە لە كۆبوونەوەكەدا خراونەتەڕوو".



PM:07:10:11/04/2022