ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم پێشنیارەکانی وەزیری نەوتی عێراق تاوتوێ دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیران بە سەرپەرشتی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا چەند پرسێک تاوتوێ دەکرێت، کە یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە تایبەتە بە دۆسیەی نەوت و دەرەنجامەکانی سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغداد. 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی ئەنجام دەدات.

لە کۆبوونەوەکەدا ئەم بابەتانەی خوارەوە تاوتوێ دەکرێت:

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا پوختەی سەردانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراقی فیدراڵ دەخرێتەڕوو.

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەش، گفتوگۆ لەبارەی پێداچوونەوە بە میکانیزمی کارکردن لەناو حکومەتی هەرێم، بە ئاراستەی برەودان بە لە ئەستۆگرتنی لێپرسراوێتی و باشتر راییکردنی کارەکان و جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران دەکرێت.

لە بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکەش رەشنووسی (پەیڕەوی ناوخۆی بازرگانی و تۆمارنامەی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان – عێراق) و رەشنووسی پڕۆژە یاسای نوێی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان دەخرێنەڕوو، بۆ دەنگدان لەسەریان.

بڕگەی کۆتاییش پێشنیاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دەبێت تایبەت بە هەڵگرتنی رەسمی گومرگی لەسەر ئاژەڵی هاوردەکراو لە مانگی رەمەزانی پیرۆز، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی سوور لە بازاڕەکانی هەرێم دەخرێتەڕوو.


AM:11:20:13/04/2022