فراكسیۆنی یەكێتی: بەبێ هەمواری یاسای هەڵبژاردن، هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ناكرێت


جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت "بێ رێكەوتنی لایەنەكان سەرۆكی پەرلەمان بانگهێشت بۆ كۆبوونەوە ناكات، ئەگەر پارتی بیەوێت متمانە لە سەرۆكی پەرلەمان بسەنێتەوە ئەوا بە پێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان ناتوانێت ئەو كارە بكات".

لوقمان وەردی، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان بە دەنگی ئەمریكای راگەیاندووە، یاسای هەڵبژاردن ماوەی 30 ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە و بۆ ئاستی پێشكەوتنی ئێستای كوردەواری ناگونجێت، بۆیە پێنج فراكسیۆنە جیاوازەكانی پەرلەمان (یەكێتی نیشتیمانی، یەكگرتووی ئیسلامی، كۆمەڵی دادگەریی، نەوەی نوێ، فراكسیۆنی گۆڕان)، لەگەڵ پەرلەمانتارە سەربەخۆكان هەمواری یاسای هەڵبژاردنیان پێشكەشكردووە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردوە "ئامانجان لەهەمواری یاسای هەڵبژاردن ئەوەیە زەمینەیەكی لەبار دەستەبەر بكەین بۆ هەڵبژاردن و ئازاد و پاك و بێگەرد بۆئەوەی جۆرێك لە دادپەروەری مسۆگەربێت بەتایبەت بۆ دەستەبەركردنی نوێنەرایەتیەكی راستەقینەی جوگرافی پارێزگاكان بۆ پەرلەمانی كوردستان".

لوقمان وەردی وتویەتی "دەبێت پەرلەمان هەمواری یاسا‌ی هەڵبژاردن‌ بكات لەسەر شێوازی فرەبازنە بە كورسی پێكهاتەكانیشەوە، تۆماری دەنگدەران پاك بكرێتەوە و لە بایۆمەتری دواهەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەشێوازی بایۆمەتری تۆماربكرێت، ئەمە هەمووی لەبەرژەوەندی پرۆسەی سیاسی و پرۆسەی دیموكراسیشە لە هەرێمی كوردستان، چونكە ئەم پرسە پرسێكی نیشتیمانیە ئەوان لەم‌ پرسەدا نە ئیرادەی خۆیان وەكو یەكێتی دەسەپێنن بەسەر هیچ هێزێكی سیاسی لە هەرێمی كوردستان، وە نه ‌قبوڵیشیانە هیچ هێزێكی سیاسی ئیرادەی خۆی بسەپێنێت".

وەردی باسی لەوەكردووە "پرسی یاسای هەڵبژاردن پرسێكی نیشتیمانییە و بەبێ سازانی هێزە سیاسیەكان نە كۆمیسیۆن كارا دەكرێتەوە و نە هەمواری یاسای هەڵبژاردنیش بە تاك لایەنە دەڕوات، بۆیە سەرۆكی پەرلەمان وێڕای ئەوەی پابەندی یاسایی و دەستوری لەسەرە، بەڵام بەرامبەر بە دۆخی سیاسیش هەست بە بەرپرسیارێتی دەكات، بۆیە ئەگەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن‌ نەكرێتەوە هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان ئەنجام نادرێت".

لوقمان وەردی وتیشی "ئاسان نییە پارتی زۆرینەی خۆی بەكاربهێنێت لەڕووی پەیڕەویەوە، هەتا سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بانگهێشتی دانیشتن نەكات، بەپێی ماددەی 18 لەدەسەڵاتی خودی سەرۆكی پەرلەمان دەبێت كە بانگهێشتی دانیشتی پەرلەمان بكات، بەرنامەی كار بەزۆرینە دادەنرێت، بەڵام بانگهێشت كردن بۆ دانیشتن لەدەسەڵاتی خودی سەرۆكی پەرلەمانە، فراكسیۆنی پارتی هەر جوڵەیەك لەم بابەتە بكات پێشێلكردنی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانە و ڕێگەی پێنادرێت، یەك دەرچە لەبەردەم پارتیدایە ئەگەر پارتی بیەوێت ئەزموونی خولی چواری پەرلەمانی كوردستان دوبارە بكاتەوه، كە پەكخستن و ‌ناردنەوەی سەرۆكی پەرلەمان بوو، ئەوكات خۆمان واقیعی سیاسی و جوگرافی هەرێمی كوردستان دەزانین، یەكێتی هێزێكە كاریگەری و قورسایی خۆی هەیە و پارتیش لەهێز و قورسایی یەكێتی تێدەگات ئەوكاتە ئەگەر خوانەكات پارتی پەنای بردەبەر حاڵەتێكی وەها دەبێت بەرپرسیارێتی هەموو لێكەوتەكان لەئەستۆ بگرێت".




AM:11:08:14/04/2022