"لە جێبەجێكردنی ئەركەكانیان، پۆلیسی سلێمانی یەكەم و هەولێر پێنجەمە"

 

ئەمڕۆ پێنج شەممە پۆلیسی سلێمانی پلەی یەکەمی لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیدا بەدەستهێنا، دوای ئەویش پۆلیسی گەرمیان پلەی دووەم و دواتریش پۆلیسی دهۆک، پۆلیسی هەولێریش بەپلەی  پێنجەم دیاریکرا.

 

لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە  سەرژمێرییان بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیسی هەرێم لە ماوەی ١٥/١٢/٢٠٢١ بۆ ١٥/٣/٢٠٢٢ ئەنجامداوە کە کۆی گشتی لەو ماوەیەدا ٣٧٨ داواکراو دەستگیرکراون، بەپێی ڕیزبەندییەکە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی پلەی یەکەمی لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی بەدەستهێناوە، کە توانیویانە لەو ماوەیەدا ١٧٢ داواکراو دەستگیربکەن، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان بە دەستگیرکردنی ٧٤ داواکراو پلەی دووەمی بەدەستهێناوە، پۆلیسی دهۆکیش پلەی سێیەمی بەدەستهێناوە کە توانیویەتی ٣٨ داواکراو دەستگیربکات.

 

پۆلیسی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پلەی چوارەمدایە و ٢٩ داواکراوی دەستگیرکردووە، پۆلیسی هەولێریش بە دەستگیرکردنی ٢٨ داواکراو پلەی پێنجەمی بەدەستهێناوە.

 

ئەمەش دوای ئەوەدێت کە ئەمڕۆ لە مەراسیمیکی تایبەتدا لەلایەن بریکاری وەزارەتی ناوخۆ ڕێزلێنان بەخشرایە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی.



PM:12:33:14/04/2022