رای حكومەتی هەرێم سەبارەت بە پێشنیارەكانی بەغدا بۆ دۆسیەی نەوت ئاشكرابوو

دوای تەواوبوونی گەڕی یەكەمی گفتوگۆكانی نێوان شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق،  بەغدا راگەیاند، وەزیری نەوتی عێراق جەختی لەسەر گەڕانەوەی گرێبەستەكانی هەرێمی كوردستان و دامەزراندنی كۆمپانیایەكی نوێی نەوتی لە عێراق كردەوە.

عەبدولحەكیم خەسرەو، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و ئەندامی شاندی دانوستكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان بە  كوردستان24ی راگەیاندووە "ئێمە كە سەردانی بەغدا دەكەین، گفتوگۆ لەبارەی شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان دەكەین، پێشتر ئێمە لەگەڵ بەغدا لەسەر ئەوە رێكەوتین كە یاسای نەوت گاز لەسەر حیسابی دۆسیەی بودجە چارەسەر ناكرێت".

ناوبراو وتویەتی "بەغدا كۆمەڵێك پێشنیاری بۆ چارەسەركردنی دۆسییەی نەوتی هەرێم هەبوو كە كۆمپانیایەك بۆ فرۆشتنی نەوت لە هەرێمی كوردستان دابمەزرێت موڵكی بەغدا بێت، لە بەرامبەردا هەرێمی كوردستانیش ئەو پێشنیارەی هەبوو كە هەر خۆی كۆمپانیایەكی تایبەت دابمەزرێنێت، ببێتە موڵكی خەڵكی هەرێمی كوردستان كە تەواوی پابەندییەكان لە چوارچێوەی ئەم كۆمپانیایە رێك دەخرێنەوە".

د.عەبدولحەكیم ئاماژەی بەوەكردووە "داواكاریی و پێشنیارەكانی بەغدا لەبارەی دامەزراندنی كۆمپانیایەك لە هەرێم كە موڵكی ئەوان بێت رەتكرایەوە، بۆمان روونكردنەوە كە هەرێم لە چوارچێوەی ماددەی 112ی دەستوور، بڕگەی دوو، نەوت دەفرۆشێت، عێراق كەمتەرخەم بووە لە دەركردنی یاسای نەوت گاز، تا ئێستا بەو یاسایە كار دەكەن كە لە سەردەمی حزبی بەعس هەبووە".

سەرەتای ئەم هەفتەیە وەفدێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی گفتوگۆ سەبارەت بە بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق بۆ رادەستكردنی نەوت بە عێراق، سەردانی شاری بەغدایان كرد و بەغداش چەند خاڵێكی سەبارەت بە دۆسیەی نەوت لە هەرێم كردووە.



AM:11:42:15/04/2022