لاهور شێخ جەنگی لەسەر سەردانی مەسرور بارزانی بۆ توركیا هاتە دەنگ


لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت "هەندێك لە سیاسەتمەدار و كاربەدەستانی حكومەتەكەی خۆمان ئەوەی لایان گرنگ نەبێت تاقیكردنەوەی گەلە، ئەوەندەی خەریكی ڕازیكردنی دەوروبەر و دەرو دراوسێ و دووژمنانی گەلەكەمانن".

دوای سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ وڵاتی توركیا و كۆبوونەوەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە، لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان پەیامێكی بڵاوكردەوە.


دەقی نوسینەكە..
مرۆڤ كە سیاسەتی كرد حەق وایە بە ڕەوشتەوە سیاسەت بكات، حەق وایە بیر بكاتەوە كە سیاسەتكردنیش ماوەیەكی دیاریكراوە و ڕۆژێك دێت كە خانەنشین دەبێت لە كارە سیاسییەكەی. من خۆم بەردەوام بیردەكەمەوە كە خانەنشینی سیاسی دەبم، هەموو كردار و گوفتار و ڕەفتارەكانی ئێستا دەیكەم لەسەر ئەو بنەمایەیە كە ڕۆژێك دێت خانەنشین دەبم لە سیاسەتكردندا، بیردەكەمەوە كە چۆن بتوانم بە سەربەرزی لە تاقیكردنەوەی گەلەكەم دەربچم، بەڵام بە داخێكی زۆرەوە هەندێك لە سیاسەتمەدار و كاربەدەستانی حكومەتەكەی خۆمان ئەوەی لایان گرنگ نەبێت تاقیكردنەوەی گەلە، ئەوەندەی خەریكی ڕازیكردنی دەوروبەر و دەرو دراوسێ و دووژمنانی گەلەكەمانن، نیو ئەوەندە بە دەم ئێش و ئازاری گەلەكەی خۆماندا بان، ئەوا دڵنیام گەل بۆ هەمیشە لە ئامێزی دەگرتن و لەسەر سەری دادەنان.  

لە ئێستاشدا كە هەموومان دەزانین كە كلیلی دەربازكردنی گەلەكەمان لەم هەموو گیروگرفتەی كە ڕووبەڕوومان كردوونەتەوە تەنیا بەغدایە و بەس، كەچی دەبینین حكومڕانانی ئەم هەرێمە پەیتا پەیتا سەردانی پایتەختی دەرودراوسێ دەكەن، بەڵام بۆ یەكجاریش ئامادەنین سەردانی بەغدا بكەن كە باشیش دەزانن كە چارەسەر تەنیا لەوێیە، جا من بۆ خۆم دەمێكە وازم لە برادەرانی پارتی دیموكراتی كوردستان هێناوە، چونكە ئەوان ڕاستگۆیانە سیاسەت دەكەن، ئەوان هەر زوو بڕیاریان داوە ئەم گەلە بە قوربانی حزبەكەیان بكەن، بەڵام لێرەوە ڕووی دەمم دەكەمە حزبەكەی خۆم، هەروەها بزوتنەوەی گۆڕان بەو پێیەی هەردووكیان شەریكن لەم حكومڕانییە، پێیان دەڵێم ئایا ئێوە هەرگیز بیرتان لە تاقیكردنەوەی گەل كردووەتەوە، چونكە لە ئێستادا ئێوە لە ژێر تاقیكردنەوەیەكی قوورسدان، ئەگەر دوای بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی و نامەكەی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ حكومەتی هەرێم ئێوەش هەر وەك پارتی سووربن لەسەر ئەوەی كە غازەكەش بە درەدی نەوتەكە بەرن، ئەوە دڵنیابن كە من یەكەم كەس دەبم ڕووبەڕووتان دەوەستمەوە، هەرگیز ڕێگە نادەم دوا بۆڕیی هەناسەی گەلەكەم بە ناوی ئابووریی سەربەخۆوە تەسلیم بە دووژمنانی گەلەكەم بكەن.  






PM:04:29:16/04/2022