"ئەگەر بە زووترین کات پەرلەمان کۆنەبێتەوە، رێکاری تری مەدەنی دەگرینە بەر"

فراکسیۆنەکانی ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمانی کوردستان کە پێکهاتوون لە هەریەک لە (نەوەی نوێ و کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی و حزبی شیوعی کوردستان) کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشیان سازکرد و رایانگەیاند" ئەگەر بە زووترین کات پەرلەمان کۆنەبێتەوە، رێکاری تری مەدەنی دەگرینە بەر". 

لەو بارەیە شێركۆ جەودەت سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند" هۆشداری دەدەین كە ڕێكنەكەوتنی هەرێم و بەغدا دۆخی هەرێمی كوردستان دەخاتە دۆخێكی مەترسیدارەوە و پێویستە بەهەند وەربگیرێت و پێویستە ڕێككەوتن بكرێت كە بەپێی دەستوربێت و مافەكانی هەرێمی كوردستان وەك خۆی بدرێت".

ئەوەشی خستەڕوو، پەرلەمان لەسەر ئاستی باڵا پەکخراوە و حکومەت بەبێ چاودێری کارەکانی دەکات و ئەستۆی پەکخستنی پەرلەمانیش لە ئەستۆی پارتی و یەکێتییە و یەکتری تۆمەتبار دەکەن، چونکە نایانەوێت هەڵبژاردن بکرێت.

هەروەها عەبدولستار مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، داوای کۆبوونەوە دەکەین لە سەرۆکی پەرلەمان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و دەرچوون لەسەر ئەو چەقبەستووییەی توشی پەرلەمانی کوردستان بووە.

وتیشی" لەبارەی بابەتی غازەوە پێمان وایە نابێت غازیش بە دەری نەوتی هەرێم بە تاڵان ببرێت و پێویستە هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی ناوەند لەسەر پرسی نەوت و غاز ڕێككەوتن بكەن كە لەبەرژەوەندی مووچەخۆران و هاوڵاتیان بێت". 

هه‌ر له‌كۆنگره‌كه‌دا كاوه‌ عه‌بدولقادر سه‌رۆكى فراكسیۆنى نه‌وه‌ى نوێ وتی" پارتی و یەکێتی بە مەبەست پەرلەمانیان پەکخستووە و نایانەوێت هەڵبژاردن بکرێت بەهۆی ئەوەی لە دەنگدانی رابردوودا ٧٠٠ هەزار دەنگیان لەدەستاوە و متمانەیان نەماوە لای خەڵکی و لە هەڵبژاردن دەترسن".

لە لایەکی دیکەوە محێدین حەسەن سەرۆکی فراکسیۆنی ئازادی (شیوعی) باسی لەوەکرد، پێوستە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت و پێویستە بە سازان و رێککەوتن تەواوی بابەتەکان چارەسەر بکرێن. 


PM:01:38:18/04/2022