پەرلەمانتارێکی یەکێتی داوا دەکات لەسەر هێرشی تورکیا پەرلەمانی عێراق هەڵوێستی هەبێت


بڕیاردەری فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە پێویستی دەزانێت لەسەر هێرشی سوپای توركیا بۆ سەر پەكەكە لە هەرێمی كوردستان، پەرلەمانی عێراق هەڵوێستی هەبێت.
 
كاروان یاروەیس، بڕیاردەری فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە "سوپای توركیا لەوەرزی سەرما و سۆڵە بە فرۆكە و تۆپخانە بۆردومان دەكات، لەوەرزی گەرماشدا ئۆپەراسیۆنی سەربازی بەرفراوان ئەنجام دەدات لەناو خاكی هەرێمی كوردستان و بەئاشكرا سەروەری (سیادە) عێراق پێشێل دەكات".
 
ناوبراو ئاماژەی بەوەكردوە "هەموو جارێك لە ئۆپەراسیۆنەكانی سوپای توركیا، كە بەبیانووی پەلاماردانی چەكدارانی (گەریلا) پارتی كرێكارانی كوردسیان ئەنجامی دەدات زیانی گیانی و ماڵی لە گوندنیشینان و دانیشتووی ناوچە سنورییەكان دەگەیەنێت".

یاروەریس وتویەتی "ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێویستە هەڵوێستی هەبێت و لیژنەی دەرخستنی راستیەكان رەوانەی ئەو ناوچە سنورییانە بكات و حكومەتی عێراقیش هەنگاوی كردەیی بنێت بۆ ئیدانە كردنی ئۆپەراسیۆنی سوپای توركیا لەناو خاكی هەرێمی كوردستان و پێشێلكردنی سەروەری عێراق".



PM:09:33:18/04/2022