هەپەگە راگەیەنراوێكی لەسەر هێرشی تورکیا بڵاوكردەوە


ناوەندی پاراستنی هێزەكانی گەل (هەپەگە) رایدەگەیەنێت "گەریلاكان بە نارنجۆك و چەكی تاكەكەسی هێرشیان كردۆتە سەر ئەو سەربازانەی سوپای توركیا كە هێرشیان كردۆتە سەر ئاڤاشین لە ئەنجامدا ١٢ سەرباز كوژراون".

هەپەگە لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە "ئەمشەو هێزەكانمان بە نارنجۆك و چەكی تاكەكەسی ڕووبەڕووی سوپای توركیا بوونەوە كە دەیانویست لە ناوچەی وەرخەلی لە هەرێمی ئاڤاشین پێشڕەوی بكەن".

بەپێی ڕاگەیەندراوەكە لەو هێرشەدا 12 سەربازی سوپای توركیا كوژراون و بەوەش كۆی سەربازە كوژراوەكانی توركیا لە شەوی ڕابردووەوە تا ئێستا، گەیشتە ٤٤ سەرباز.

شەوی ڕابردوو، سوپای توركیا هێرشی زەمینی بۆسەر چیای كوڕەژارۆ لە ئامامێدی دەستپێكرد، ئەوەش لەكاتێكدایە لە ١٥ی مانگە هێرشی ئاسمانی بۆ ئەو ناوچەیە دەستپێكردووە و لە ماوەی چوار ڕۆژدا ١٤٧ هێرشی ئاسمانی ئەنجامداوە.



PM:10:23:18/04/2022