مەسرور بارزانی و بۆریس جۆنسن لە لەندەن کۆبوونەوە

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لەندەن لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا کۆبووەوە و هیوای خواست کە وەبەرهێنانی بەریتانی لە هەرێمی کوردستان زیاتر پەرە بسەنێت. 

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی نوسینگه‌ی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئه‌مڕۆ سێشەممە مەسرور بارزانی لە لەندەن لەگەڵ بۆریس جۆنسن سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا کۆبوەوە و لە کۆبونەوەکەدا دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی بارودۆخی عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا تاوتوێ کرا. 

سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ هاریکاریکردنی هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا دوپاتکردەوە، هەروەها پشتیوانی خۆی بۆ گرنگی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لەسەر بنەمای دەستور دەربڕی.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا، سەرۆکی حکومەت، ئاماژەی بە چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری هەمە جۆرکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات و برەودان بە وەبەرهێنان کرد و هیواشی خواست کە وەبەرهێنانی بەریتانی لە هەرێمی کوردستان زیاتر پەرە بسەنێت، لەم ڕوەشەوە هەرێمی کوردستان ئامادەیە هەر ئاسانکارییەکی پێویست، پێشکەشی وەبەرهێنەران.


PM:06:01:19/04/2022