کادێرێکی یه‌کیتی: یه‌کێتی له‌کوردستان رۆڵێ پاشکۆیی پارتی و له‌به‌غداش پاشکۆیی مالکی ده‌بینێت

کادێرێکی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان که‌ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیه‌ له‌وه‌زاره‌تی رۆشنبیری ده‌ڵێت " غیابی سه‌رۆک له‌ناو یه‌کێتی فره‌کوێخایی لێکه‌وتۆته‌وه‌و  دووری خستۆته‌وه‌ لە یاری گەرموگوڕەكانی سیاسەت و زیاتر رۆڵی پاشكۆیی ده‌ببنێت لەو سیاسەتانەی كە لەكوردستاندا پارتی دیموكراتی كوردستان پەیڕەویی دەكات و لەبەغداش پاشکۆیه‌تی بۆ حكومەتی مالیكی و قەوارە سیاسییەكەی".
له‌سه‌ر په‌یجی خۆی هه‌ڵگورد جوندیانی برای ئازاد جوندیانی ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتی بابه‌تێکی بڵاوکردۆته‌وه ره‌خنه‌ له‌ سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی ده‌گرێت و ده‌ڵێت " یه‌کێتی غیابی سەرۆك و رابەر لەناو یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا بارێكی زۆر ناتەندروستی سیاسی خولقاندووە بەجۆرێك لەناو یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا فرە مینبەڕی و فرە كوێخایی و فرە بڕیاری لێكەوتۆتەوە ".
ئه‌م نووسینه‌ که‌ هاوکاته‌ به‌ ده‌رنه‌چوونی د .به‌رهه‌م ساڵحه‌وه‌، له‌بڕگه‌یه‌کی تری نووسینه‌که‌یدا ده‌ڵێت "نەبوونی بینین و روئیای روون وایكردووە یەكێتی پێشەنگی و موبادەرە لەدست بدات و نەتوانێت پێشبینی و خوێندنەوەی دروستی هەبێت بۆ رووداوەكان و زیاتر پاشكۆی سیاسی بێت و كاریگەری پۆزەتیف لەدەست بدات پێچەوانەی رابردوو كە ئەم رێكخراوە پێشبینی و خوێندنەوەو بڕیاری سیاسی دروستی هەبوو".
ده‌قی نوسینه‌که‌ی هه‌ڵگورد جوندیانی: 
یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەلوتكەی نیشتمانپەروەری و كوردایەتییەوە بەرەو هەڵدێر و پاشەگەردانی 
هەڵگورد عبدالوهاب جندیانی
غیابی سەرۆك و رابەر لەناو یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا بارێكی زۆر ناتەندروستی سیاسی خولقاندووە بەجۆرێك لەناو یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا فرە مینبەڕی و فرە كوێخایی و فرە بڕیاری لێكەوتۆتەوە ، ئەوەش وایكردووە كە یەكێتی نیشتمانی كوردستان زیاتر دوور بكەوێتەوە لە یاری گەرموگوڕەكانی سیاسەت و زیاتر رۆڵی پاشكۆیی ببینێت لەو سیاسەتانەی كە لەكوردستاندا پارتی دیموكراتی كوردستان پەیڕەویی دەكات و لەبەغداش حكومەتی مالیكی و قەوارە سیاسییەكەی.
لەرابردوودا یەكێتی ئێمەی بە ئازایەتی و راستگۆیی پەروەردەكرد بۆیە لەئیستاشدا ناتوانم ئەم سیفەتە لەخۆمدا بسڕمەوە ، وا بەروونی و بەكورتی بەچەند خاڵێك ئەم پرسە دەخەمە روو:
1- هێشتا پێویستی و زەروریەتی بوونی (سەرۆك یان سەركردە) لەسیستمی سیاسی وڵاتانی رۆژهەڵات و ئەو وڵاتانەی كە تازە بەرەو دیموكراسیەت هەنگاو دەنێن هەر ماوە چونكە دیموكراسیەت و كۆمەڵگەی مەدەنی دامودەزگاكانی بەتەواوی جێگیر نەبووەو پێویستیبوونی سەرۆكێکی ئەكتیڤ و كاریزماكەی هێشتا زامنە بۆ بەرەوپێشچوونی جوولە و ریتمی دروستی كۆمەڵگە. 
2- ئەوەی ئێستا زۆر بەكارایی سیاسەت دەكات و بڕیاردەدات و لەسەر ئاستی كوردستان و وڵاتانی هەرێم و دونیاش تەنها سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانە كە بەبێ هیچ سەركردەیەكی تری ركابەر لەئاستێكی بەرزدا سیاسەت دەكات.
3- لەرابردوودا ئەم رۆڵە لەنێوان سەرۆك تاڵەبانی و سەرۆك بارزانیدا دابەشكرابوون و لەو پەڕی هەماهەنگیدا سیاسەتی كورد لە هەموو ئاستەكانیدا پەیڕەو دەكرا بەڵام لە ئێستا (ی ن ك) رێكخراوێكە لەشێوەی چەند تەكەتول و گروپ و بنەماڵەیەكدا سیاسەت دەكەن كەلەراستیدا سیاسەتێكی زۆر هەژارانەو ناجێگیر و ئاڵۆزە.
4- نەبوونی بینین و روئیای روون وایكردووە یەكێتی پێشەنگی و موبادەرە لەدست بدات و نەتوانێت پێشبینی و خوێندنەوەی دروستی هەبێت بۆ رووداوەكان و زیاتر پاشكۆی سیاسی بێت و كاریگەری پۆزەتیف لەدەست بدات پێچەوانەی رابردوو كە ئەم رێكخراوە پێشبینی و خوێندنەوەو بڕیاری سیاسی دروستی هەبوو.
5- ئێستا كەس نازانێت لە ناو (ی ن ك)دا كێ‌ كەسی یەكەم و بڕیار دەرە ، ئایا بنەماڵەی مام جەلال و ئەندامانی خانەوادەكەیەتی یان هەردوو جێگرەكەی سكرتێری گشتی ئەم رۆڵە دەبینن یاخود ئەندامانی تری مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و ئەنجومەنی ناوەندن كە هەریەكەو كاتێك قسەدەكات و لێدوان دەدات خۆیان بە خاوەن و واریسی یەكانەو راستەقینەی (ی ن ك) دەزانن؟.
6- ئەفسوس بۆ یەكێتی ، مخابن بۆ خوێنی شەهیدانی و بۆ خەبات و ماندووبوونی پێشمەرگە قارەمانەكان و ئەندامان و هەوادارانی كە زیاتر لە 39 ساڵە سەروماڵ و هەموو تواناكانیان خستۆتە خزمەت ئەم رێكخراوەو ئامانجەكانی ، كە لەراستیدا ئێستا وا خەریكە مەسافەیەكی زۆر لە ئامانجە سەرەكییەكانی دوور دەكەوێتەوەو تەنانەت هەندێك جار پێچەوانەی ئامانجەكانی هەڵسوكەوت دەكات.
7- ئەو ئاڵۆزییەی لەناو یەكێتیدا دروست بووە زیانەكەی تەنها بۆ یەكێتی و ئەندام و ئۆرگانەكانی نابێت ، بەلكو زیانەكانی بۆ سەرجەم جولانەوەی رزگاری نیشتمانی كوردستان دەبێت لە هەرچوار پارچەیدا چونكە یەكێتی و پارتی و pkk و حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و كۆمەڵە و چەندان حزبی تر موڵكی گەلی كوردستانن و لە بونیادیاندا زۆرینەی خەڵكی كوردستان پێك ئەهێنن ، كاتێك ئەم رێكخراوانە نەخۆش ئەكەون یان پەكیان ئەكەوێت یان تووشی شكست دێن ئەوا خودی میللەت نەخۆش و شكستخواردوو دەبێت.
8- لەناو مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا كەسانی هەڵكەوتوو و سیاسەتزانی ئەوتۆ هەن كە كاریزماو توانایان هەیە یەكێتی لەم چاڵە قووڵ و تونێڵە تاریكە رزگار بكەن بەڵام وادیارە هێشتا ئەو ئیرادەیە دروست نەبووەو هۆكارەكەشی ئەو دابەشبوونە و فرە مەعەسكەریەیە كە لەناو یەكێتیدا دروست بووە.
9- هیچ كاتێك درەنگ نییە بۆ كاری باش و هەنگاوی دروست ، ئێستاش كاتێكی كەم ماوە بۆ چاكسازی و بڕیاری راست ، ئەگەرنا دوور نییە یەكێتی تووشی قەیرانێكی گەورەتر بێتەوە كە زۆر گورچكبڕ و ماڵوێران دەبێت !.



PM:09:28:25/07/2014