(سپی) ناوی دوو كاندیدی بەهێزی یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگاری سلێمانی بڵاودەكاتەوە


یەكێتی نیشتمانی كوردستان هەریەك لە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، كارگێڕی مەكتەبی سیاسی و عیزەت سابیر، ئەندامی سەركردایەتی بۆ پۆستی پارێزگاری سلێمانی كاندید كردوون.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەیەكی تایبەتی مەكتەبی سیاسی یەكێتییەوە دەست (سپی) كەوتوون، یەكێتی نیشتمانی كوردستان گفتوگۆی سەرەتایی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان كردووە بۆ وەرگرتنی چەند پۆستێكی حكومی لە سلێمانی لە دیارترینیان پارێزگاری سلێمانییە كە ئێستای لای گۆڕانە و هەڤاڵ ئەبوبەكر لەو پۆستەدایە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، یەكێتی بۆ ئەو پۆستە تائێستا هەریەك لە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، كارگێڕی مەكتەبی سیاسی و سەرپەرشتیاری مەڵبەندی سلێمانی و عیزەت سابیر، ئەندامی سەركردایەتی كاندیدكردووە، تەنها لە حاڵەتێكدا رەنگە گۆڕانكاری لەو دوو كاندیدەدا بكرێت ئەویش لە كاتی پێكهێنانی سەرۆك كۆماری عێراق و حكومەتی نوێی عێراق.

سەرچاوەكە وتی "ئەگەر لەتیف رەشید هاوسەرۆكی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد كە یەكێكە لە كاندیدانی سەرۆك كۆمار، بە فەرمی ئەو پۆستە وەربگرێت ئەو كاتە شاناز ئیبراهیم دەبێتە خانمی یەكەم، ئەگەر لە كاتی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراقیشدا عیزەت سابیر پۆستێكی باڵای پێبدرێت".

عیزەت سابیر، پێشتر پەرلەمانتاری یەكێتی بووە لە پەرلەمانی كوردستان، هەروەها برای محەمەد سابیرە، كە پێشتر باڵیۆزی عێراق بووە لە وڵاتانی دەرەوە.

ماوەی زیاتر لە چوار ساڵە پۆستی پارێزگاری سلێمانی لای بزووتنەوەی گۆڕانە و هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانییە.



PM:11:35:20/04/2022