موراد قەرەیلان داوا لە پارتى دەکات دەست لە هاوکاریکردنى تورکیا هەڵبگرێت

موراد قەرەیلان لە پەیامێکدا داوا لە پارتى دەکات دەست لە هاوکاریکردنى تورکیا هەڵبگرێت لە هێرشەکەیدا بۆ سەر گەریلا و دەڵێت" هەموو شتێک سنووری هەیە، بەڵام نامانەوێت ئەم شەڕە دروستبێت کە کورد لە دژی کورد شەڕ بکات".

موراد قەرەیلان فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی گەل-نەپەگە له‌ چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات نیوز له‌باره‌ی هێرشی سوپای توركیا بۆ سه‌ر هێزه‌كانیانی له‌ خاكی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند" ئەم هێرشانە هێرشی تەقلیدی و ئاسایی نین، دەوڵەتی تورکیا لە ساڵی (٢٠١٦)ەوە بە دید و چەمکێکی نوێ کار دەکات و ئەوەی بۆ خۆی کردووەتە ستراتیژییەک، ئامانجی ئەم ستراتیژە ئەوەیە، بۆ ئەوەی رێگە لە تێکۆشانی ئازادیی کوردستان بگرن دەبێت تورکیا بچوک نەبێت و بڕیاریان داوە تورکیا گەورەتر بکەن، لەو چوارچێوەیەدا ئەوەیان داوەتە بەر خۆیان، کە سنوورەکانی میساقی میللی لە بواری سەربازی، سیاسی، ئابووری و هەروەها ناوچەکانی دیکە بخەنە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیان، هاوکات ئامانجیان ئەوەیە، کە بەرنامەی عوسمانیی نوێ بخەنە بواری جێبەجێکردنەوە و تورکیا بکەنە گەورەترین دەوڵەتی ناوچەکە".

وتیشی" ڕاستە تا ئێستا پارتی لە دژی گەریلا شەڕیان نەکردووە، بەڵام لە دوێنێوە هێزەکانیان کۆدەکەنەوە و لە دێرلوک و شیلادزێ هێزەکانیان پڕ چەک و تۆکمە دەکەن، ئێمە نازانین ئەمە دەگاتە کوێ، بەڵام ئەمە دۆخێکی مەترسیدارە، ئێمە زۆر هەوڵمان داوە کە شەڕی کورد و کورد دروست نەبێت و نەکەوینە بەرامبەریەکتر، من زۆر هەوڵمدا بۆ ئەوە ئەمە ڕوونەدا و هەموو بەڕێوەبەرییمان هەوڵیانداوە و بەم ئاڕاستە کاریان کرد. ئێمە هەمیشە هەوڵمان داوە ڕێگریی لەم شەڕە بکەین و ئێستاش دەمانەوێت ڕێگریی لێ بکەین". 

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، ئێمە بوختان درۆ بۆ پارتی ناكەین، دەبێت بەرپرسانی پارتی ئەمە نەڵێن، بەڵام راستیەكەی ئەوەیە، لە هەر چاوپێكەوتنێك لەگەڵ دەوڵەتی توركیادا، به‌رپرسانی توركیا خۆیان ئەوە ئاشكرا ده‌كه‌ن، لە شاری میونخ پێش هەركەس لەگەڵ وه‌زیری به‌رگریی توركیا كۆبوونه‌وه‌، پاشان پێیان وت، بیركردنه‌وه‌مان له‌سه‌ر په‌كه‌كه‌ وه‌ك یه‌كه‌ و هاوبەشی یەكترین، لەهەمانكاتدا ئەردۆگانیش زۆر جار ئەمەی دووپاتكردووه‌ته‌وه‌، به‌م دواییانه‌ پێكه‌وه‌ دانیشتن، خۆی لەخۆیدا كاتێك چاوپێكەوتن پێكهات، پێش ئەوە هێرشی ئاسمانی و پاشانیش هێرشی دەشتایی پێكهاتن، ئەمە شتێكی شاراوە نییە، ئێمە نامانەوێت پێش هەرشتێك لە بەرانبەر بەئێمە و لە بەرانبەر بەگەلی كورد راوەستن، نازانم دەرئەنجامی ئەم شتانە چۆن بن راستە تا ئێستا لە دژی گەریلا شەڕیان نەكردووە، بەڵام هێزەكانیان كۆدەكەنەوە، لە دێرەلوك و شێڵادزێ هێزەكانیان زیاتر دەكەن. 

دەشڵێت" ئەمە ستراتیژییەتی دەوڵەتی تورکیایە دژ بە گەلی کورد، نابێت پارتی پشتیوانی لەمە بکات و نابێت هاوبەشی ئەم ستراتیژییەی تورکیا بکات، ئێمە نازانین کە بەرژەوەندیی ئەوان چییە لەم کارە؟ بەڵام دەزانین مەترسیی لەسەر ئایندەی کورد زیاتر دەکات".

جەختیش دەکاتەوە، ئامانجی دەوڵەتی تورکیا ئەوەیە کە ئەم شەڕە ڕووبدات بۆ ئەوەی کورد لە دژی یەکتر بەشەڕدا بدەن، ئێمە نامانەوێت شتی وا ڕووبدات، بەڵام هەموو شتێک سنوورێکی هەیە، بۆ ئەمەش دەبێت گەلەکەمان و نیشتمانپەروەرانی کورد و سیاسەتمەدارانی کورد و هونەرمەندانی کورد بەرپرسیارێتی خۆیان بگرنە ئەستۆ لە بەرامبەر ئەم دۆخە، ئێمە هێزێکی فیدایین و لە کەس ناترسین، بەڵام ئێمە نامانەوێت ئەم شەڕە دروستبێت کە کورد لە دژی کورد شەڕ بکات. 

قەرەیلان ئاماژە بە دۆخی پارتی دەکات و ڕایدەگەیەنێت" دۆخی پارتی لە ئێستادا وەک ئەو مرۆڤەیە کە لەسەر دارێکە و خەریکە ئەو لقە دەبڕێتەوە، کە خۆی لەسەریەتی، بێگومان بە بڕینەوەی دارەکەی خۆی زەرەر دەکات، هەقیقەت ئەمەیە، ئێمە دەمانەوێت لەو دۆخە دەربچین، بۆ ئەوەش چ هەوڵدانێک پێویست بێت ئێمە ئامادەین، پێویستە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان ئەم مەترسییە ببینن و سیاسەتمەدارانی کورد بە ئەرکی خۆیان هەستن". 


PM:04:31:21/04/2022