وەزیری دارایی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای یەكێتی كۆبووەوە


وەزیری دارایی حكومەتی هەرێم بۆ چارەسەی دۆخی مووچە لە سلێمانی لەگەڵ سەركردایەتی یەكێتی لە ئاستی باڵا كۆبووەوە.

سەرچاوەیەك لە ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی بە سایتی "زەمەن"ی نزیك لە بزووتنەوەی گۆڕانی راگەیاندوە، ئەمڕۆ ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری هەرێم لەگەڵ ئاستی باڵای سەركردایەتی یەكێتی كۆبوونەتەوە و لەبارەی چارەسەركردنی كێشەكانی سنوری سلێمانی گفتوگۆیان كردوە، بەتایبەت بە بایەتی چاكسازی و كۆكردنەوەی داهاتی سنورەكە.

سەرچاوەكە وتی "وەزیری دارایی بەمەرجی چارەسەركردنی كێشەی موچە و داهاتی سلێمانی، بڕیارە سەرەتای هەفتەی ئایندە، جارێكی دیكە لەگەڵ سەركردایەتی یەكێتی لەسەر ئاستی باڵا و كەسانی پسپۆڕ كۆببێتەوە".

سەرچاوەیەكیش لە وەزارەتی دارایی هەرێم بە سایتەكەی راگەیاندووە "ئاوات شێخ جەناب جەختی كردوتەوە كە هەتاوەكو هەموو دەسەڵاتێكی لە سنوری سلێمانی نەبێت، ئامادە نییە بگەڕێتەوە بۆ وەزارەت، بۆیە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بافڵ تاڵەبانیش بەڵێنیان پێداوە كە بە تەواوەتی پشتگیری دەكەن".

ماوەی نزیكەی دوو مانگە وەزیری دارایی بەهۆی نیگەرانییەكانی سەبارەت بە كێشەی كۆنەكردنەوەی داهات بەشێوەیەكی دروست، لە وەزارەت دەوام ناكات.



PM:07:39:21/04/2022