سەبارەت بە دامەزراندنی 41 كەس بە "نهێنی" لە پەروەردە، روونكردنەوە دەدرێت


وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رەتیدەكاتەوە وەزیری پەروەردە بە "نهێنی" 41 كەسی لە پارێزگای دهۆك دامەزراندبێت و دەڵێن بۆ ئەو مەبەستەش سكاڵای یاسایی تۆمار دەكەن.

سامان سیوەیلی، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەروونكردنەوەیەكدا رایگەیاندووە "سایتی دیجیتاڵ میدیای SNN  دوور لە ئیتیكی رۆژنامەوانی هەواڵێكی چەواشەكارانەی بڵاوكردۆتەوە كە ( پارتی بە نهێنی ٤١ كەسی دیكەی لە دهۆك دامەزراندووە) و ( پارتی داوای لە وەزیری پەروەردە كردووە ڕەزامەندی بدات بە دامەزراندنی ٤١ مامۆستای وانەبێژ)"

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "بەهەموو لایەكی رادەگەیەنین ئەو هەواڵە ناراستە و بێ بنەمایە، سایتی ناوبراو دەبێت بەڵگەكان پێشكەشی دادگا بكات، ئێمە لە وەزارەتی پەروەردە داوای یاساییان لەسەر تۆمار دەكەین". 

سیوەیلی روونیكردۆتەوە "ئەو ٤١ مامۆستا و فەرمانبەرە زیاتر لە ٨ ساڵە لەسەر بودجەی پارێزگای دهۆك گرێبەستیان بۆ كراوە و لە چەند پەروەردەیەكی سنووری پارێزگای دهۆك وەك مامۆستا و فەرمانبەر خزمەت دەكەن ئێستا گریبەستەكەیان خراوەتە سەر وەزارەتی پەروەردە، واتە هیچ یەك لەو مامۆستا و فەرمانبەرانە نوێ نین و تەنانەت یەكەمجاریشیان نییە بێنە ناو كەرتی پەروەردە، بەڵكو چەندان ساڵە لە قوتابخانەكان دەوام دەكەن، تەنها گرێبەستی پارێزگابوون و لە ئێستا بونەتە گرێبەستی وەزارەت".



PM:09:16:24/04/2022