پێشمەرگە خرایە ئامادەباشییەوە


فەرماندەیەكی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت "بەھۆی ھاتنی والی نوێی داعش بۆ عێراق و سوودوەرگرتن لە ناسەقامگیریی ڕەوشی عێراق ڕۆژانە دەستی خۆیان دەوەشێنن، پەیوەست بە سەنگەرەكانی پێشمەرگەش، هێزەكانی پێشمەرگە خراونەتە ئامادەباشییەوە بۆ وەڵامدانەوەی ھەر ھێرشێكی تیرۆریستانی داعش".

لیوا محەمەد ڕۆستەم، فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاندووە "ھۆكاری ھێرشەكانی ئێستای داعش بۆ دواكەوتنی پێكھێنانی حكومەتی عێراق و فەرمانێكی والی داعش لە عێراق دەگەڕێتەوە، نەبوونی لێك تێگەیشتن و پەرتەوازەیی لایەنە عێراقییەكان بووەتە دەرفەت بۆ چەكدارانی داعش تا دەست بە جوڵە بكەن بۆ ئەوەی پرۆسەی پێكھێنانی حكوومەتی عێراقی دوا بكەوێت، داعش دەرفەتەكە لە كیس خۆی نادات بۆ تێكدانی ڕەوشی ئەمنی و ئەنجامدانی كردەوەی تیرۆریستی".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "لە زۆربەی بۆنەكانیشدا داعش ھەر جوڵەی دەست پێكردووە و دەستی خۆی وەشاندووە، بەڵام ئەو ھێرشانەی ڕۆژانی ڕابردوو زنجیرەیەك ھێرشی تیرۆریستین و داعش بە مەبەست دوای ماوەیەك بێدەنگی دەستی پێكردۆتەوە، لەبەرئەوەی دوای ئەوەی ماوەیەك بێدەنگییان ھەڵبژارد و خۆیان ڕێكخستەوە والییەكی نوێ لە سوریاوە بۆ داعشەكانی عێراق نێردراوە و فەرمان بە ھەموو چەكدارانی داعش كراوە لە مانگی ڕەمەزان و جەژندا ئەوەی لەدەستیان بێت بۆ تێكدانی ڕەوشەكە درێغی نەكەن''.

سەبارەت بە ناوچانەكانی سنووری پێشمەرگەش، لیوا ڕۆستەم وتی "ھێرشەكانی چەند ڕۆژی ڕابردوو زیاتر لەو ناوچانە بوون لە دەرەوەی دەسەڵاتی ھێزی پێشمەرگەن و ھێزی عێراقیان تێدایە، بەڵام بەھۆی گەورەیی قەبارەی ھەندێ ھێرش و زیادبوونی جووڵەی چەكدارانی تیرۆریست ھەموو ھێزەكانی پێشمەرگە خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشی و بەسوودوەرگرتن لە چەكی پێشكەوتوو و دووربینی حەراری ھەم چاودێریی جووڵەی دوژمن دەكەن و ھەم لە ئامادەباشیدان بۆ وەڵامدانەوەی ھەر ھێرشێكی تیرۆرستانی داعش.''



PM:11:18:26/04/2022