وردەكاری لێخۆشبوونی ئەو هاوبەشانەی قەرزارن و پێوەری ئاویان نەبەستووە


وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزاری حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت "قەرزی یەكساڵی ئاو لە كاتی بەستنی پێوەردا لە 960 هەزارەوە دەبێتە تەنیا 120 هەزار دینار".

وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزاری حكومەتی هەرێم رایگەیاندووە، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران لەسەر پێشنیازی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەبەر بەرژەوەندیی هاووڵاتیان و چارەسەركردنی گرفتی پێوەر بڕیارێكی بۆ هاوڵاتییان داوە كە بەهۆیەوە قەرزی ئەو هاوبەشانەی ئاو كە پێوەریان نەبەستوە بە ڕێژەیەكی زۆر، كەم دەكرێتەوە.

وەزارەتی شارەوانی ئاماژەی بەوەكردووە "وەك نموونە، ئەگەر هاوبەشێكی ئاو بەهۆی نەبەستنی پێوەرەوە لە ماوەی ساڵێكدا لە دەرەوەی شارەكان واتە نیشتەجێی قەزا و ناحیەكان، 960 هەزار دینار قەرزاری حكومەت بێت، لە كاتی بەستنی پێوەردا  تەنیا 120 هەزار دینار دەداتە حكومەت".

هەروەها وتویەتی "سەبارەت بە سنووری سەنتەری شارەكانیش بە هەمان شێوە ئەگەر هاوبەشێكی ئاو لە ماوەی ساڵێكدا 960 هەزار دینار قەرزار بێت، لە كاتی بەستنی پێوەردا قەرزەكەی بە لێخۆشبوونەوە دەبێتە 240 هەزار دینار، بەڵام ئەگەر هاوبەشان پێوەر نەبەستن، قەرزەكانیان لەسەر كەم ناكرێتەوە".



PM:11:52:26/04/2022