"سبەینێش تاوەبارانی بەخوڕ بەردەوام دەبێت"


شارەزایەكی كەشناسی رایدەگەیەنێت، سبەینێ تاوە بارانی بەخوڕ و ھەورە تریشقە لەناوچە جیاجیاكانی هەرێم بەردەوام بێت.  

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی رایگەیاندووە "لە ئەنجامی بەردەوامی كاریگەریەكانی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای سوور سبەی ئاسمانی ھەرێم بە زۆری نیمچە ھەوراوی بۆ ھەوری تەواو دەبێت".  

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "لە كاتە جیاجیاكاندا بەتایبەت نیوەرۆ بۆ ئێوارە ئەگەری بارینەوەی بارانی بەخوڕ و چالاكبوونەوەی ھەورەكان دەبێت لەبەشێكی ناوچەكاندا بە شێوەی كەڵەكە ھەور و ھەورەتریشقەی لەگەڵدا دەبێت".  

ئاراس جەبار وتویەتی "بەگشتی رێژە و ئەگەری بارانبارین لەناوچەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی راپەرین و ناوچە شاخاویەكانی باكور و رۆژھەڵاتی پارێزگای ھەولێر زیاتر دەبێت بەڕاورد بەناوچەكانی دیكەی ھەرێم، پلەكانی گەرما بە نزمی ئەمێنێتەوە، خێرای با ئاسایی دەبێت ١٠-١٥كم/س ئاراستەكەی ناجێگیر دەبێت".  




PM:08:22:27/04/2022