هێمن هەورامی: هیچ لایەنێك مافی نییە هەڵبژاردن لە خەڵك زەوت بكات


جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، هەڵبژاردن و پڕۆسەی دیموكراسی مافی گەلە و نابێت هیچ كەس و لایەنێك ئەو مافە زەوت بكات.
 
ئەمڕۆ د. هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، پێشوازیی لە ماری پارێت، بەرپرسی نووسینگەی یەكێتی ئەوروپا لە هەرێمی كوردستان كرد و رایگەیاند "شەفافیەت و متمانەی زیاتر بە پڕۆسەی دیموكراسی و هەڵبژاردن بەوە زیاتر دەبێت كە هەر چوار ساڵ جارێك هەڵبژاردنەكان لەكاتی خۆیدا بكرێت و تۆماری دەنگدەران نوێبكرێتەوە، یان سوود لە تۆماری بایۆمەتریی دەنگدەران لە كۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق وەربگیرێت و وتی "هەڵبژاردن و پڕۆسەی دیموكراسی، مافی گەلە و نابێت هیچ كەس و لایەنێك ئەم مافە زەوت بكات."
 
ناوبراو باسی لە یاسای هەڵبژاردن كردووە و وتویەتی "پێویستە یاسای هەڵبژاردن بە جۆرێك بێت خواستی دیموكراسی و گەرەنتی هەڵبژاردنەكان لەكاتی خۆیاندا بكرێن و دوور بێت لە میزاج و بەرژەوەندی تەسكی حیزبەكان، هەروەها چوار ساڵ جارێك بە بیانووی خراپی یان باشی ئەنجامەكانیان داوای هەموار یان هێشتنەوەی یاسای هەڵبژاردن نەكرێت".
 



PM:09:41:27/04/2022