"یەكێتی داوای هەڵوەشانەوەی رێككەوتنی ئەنجومەنی وەزیران دەكات"


كادیرێكی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت "یەكێتی لەرێگای تیمی حكومەتەوە داوای هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنی ئەنجومەنی وەزیران دەكات كە بەپێی رێككەوتنەكە سلێمانی دەبێت تەكمیلی مووچەی خۆی بكات"، هەروەها مەرجێكی پارتیش ئاشكرا دەكات.

كارزان سەباح هەورامی، كادیری پێشكەوتووی پارتی دیموكراتی كوردستان لە فەیسبووكی خۆی نووسیویەتی "یەكێتی لەرێگای تیمی حكومەتەوە داوای هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنی ئەنجومەنی وەزیران دەكات كە بەپێی رێككەوتنەكە سلێمانی دەبێت تەكمیلی مووچەی خۆی بكات، مەرجی پارتیش ئەوەیە كە دەبێت داهاتی سلێمانی بەدروستی بگەرێتەوە بۆ حكومەت و حكومەت خۆی سەرپەرشتی كۆكردنەوەی داهاتی سلێمانی بكات".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "بەم پێیە بێت، یەكەم: یەكێتی ناتوانێت بەداهاتی سلێمانی تەكمیلی مووچە بكات و تادێت فشارەكان لەسەری زیاتر دەبێت، دووەم: گومان دەكرێت بەشێكی زۆری ئەو پارە بە نامەشروع و بۆ مەبەستی سیاسی نادیار ببرێتە دەرەوەی سلێمانی كە دواجار هەموو كوردستان زەرەری تێدا بكات".

كارزان هەورامی دەڵێت "سێیەم: تادێت دۆخی سلێمانی خراپتر دەبێت و ئێستا نزیكە لە شكستی تەواوی ئیدارەی خۆجێیی و یەكێتی بەرپرسیارە لەو كارەساتەی بەسەر شارەكە دێت یان دەبێت راستكردنەوە بۆ ئیدارەی سلێمانی بكات یان هەرچیەك رووبدات ئەو بەرپرسیارە".

نووسینی ئەو كادیرەی پارتی لە كاتێكدایە دوو مانگە لە سنوری پارێزگای سلێمانی مووچەی چەند وەزارەتێك لە وادەی خۆیدا بۆ ماوەی چەند رۆژێك دوادەكەوێت ئەویش بەهۆی نەبوونی پارەی داهاتی ناوخۆ لە بانكەكاندا.



PM:11:45:27/04/2022