لەبارەى گۆڕینی نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی ڕوونکردنەوە دەدرێت

سەرۆک وەزیرانی عێراق لەبارەى نرخی دۆلار بەرامبەر دینار ڕوونکردنەوە دەدات و دەڵێت" بڕیاری گۆڕینی نرخی دۆلار بەرانبەر دینار تەنیا بڕیاری حکومەتی ئێستا نەبووە، بەڵکو لەسەر توێژینەوە و لێکۆڵینەوە چەندین ساڵە ئەنجامدراوە". 

مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی عێراق بە میدیای فەرمی عیراقییەی ڕاگەیاند" لە بودجەی ساڵی (٢٠٢١)دا و لەگەڵ گۆڕینی نرخی دۆلار بەرانبەر دینار، هەستاین بە بەرزکردنەوەی دەرماڵەی چاودێری کۆمەڵایەتی بۆ سێ ملیار دینار، ئەو پارەیەش تەرخان کرا بۆ ئەو چینانەی کە بەپێی توێژینەوەکان زیانیان بەر دەکەوت بەهۆی بڕیارەکەوە".  
  
ئەوەشی خستەڕوو، موزایەدەمان نەکرد بەسەر کەسەوە، بەڵام ئێمە چارەسەری کاریگەرییە لاوەکییەکانی بەرزکردنەوەی نرخی دۆلارمان کرد و دۆخ و گوزەرانی ئابووری ئەو کەسانەمان چاکتر کرد کە داهاتیان سنووردارە، بەڵام خوشک و برایانمان لە خولی پێشووی پەرلەمان گوێیان بۆ نەگرتین و بڕی پارەی تەرخانکراویان کەم کردەوە بۆ (٧٠٠) ملیار دینار. 
  
وتیشی" پێویستە بگەڕێینەوە بۆ چەمکی متمانە لە کاری سیاسیدا، وڵات ناتوانێت پێش بکەوێت بەبێ بوونی متمانە لە هەموو ئاستەکاندا، بە تایبەت لە پەیوەندی نێوان دەسەڵاتی جێبەجێکردنی و دەسەڵاتی یاسادانان". 


AM:10:03:30/04/2022