رێکخراوی کاری شەفافیەت داوا لەبارزانی دەكات بودجەی حیزبەكان پەسەند نەكات
رێكخراوی كاری شەفافەیەت لە بەیاننامەیەكدا داوا لە بارزانی دەكات "بۆ نەهێشتنی گەندەڵی" پرۆژە یاسای بودجەی حیزبەكان پەسەند نەکات.
دەقی بەیاننامەكە:
نا بوودجەی حزبەکان
بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان
بۆ پەرلەمانی کوردستان
بۆ رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی
بۆ رای گشتی
پەرلەمانی کوردستان لەدانیشتنی رۆژی 24-7-2014 پرۆژە بوودجەی حزبە سیاسیەکانی کوردستانی پەسەند کرد . لەو پرۆژە یاسایەدا حزبەکانی کوردستان هەریەکەو بەپێ خەباتی شاخ و کورسی پەرلەمان بەشە پارەی بۆ دانرا، کە دەکاتە لە سەدای یەکی بووجەی هەرێمی کوردستان بەپێ لێدوانی لیژنەی دارایی پەرلەمان .
دانانی بەشەی بوودجەی حزبەکان بەوشێوەیە کە پەرلەمان بریاری لەسەرداوە جگە لەبەهەدەردانی سامانی گشتی و داهاتی کوردستان هیچی تر نیە .
ئێمە لە رێکخراوی کاری شەفافیەت بۆ نەهێشتنی گەندەڵی داوا لەسەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەین ئەو پرۆژە یاسایە پەسەند نەکات و بیگەرێنێتەوە بۆ پەرلەمان. بە جۆرێک پرۆژەی یاسای بوودجەی حزبەکان دابنرێت کە کاریگەری لەسەر داهات و خەرجی گشتی نەبێت .
لەکاتێکدا پەرلەمانی کوردستان دەیەوێت تەخشان و پەخشان بە بوودجەی هەرێمی کوردستان بکات کە هەر حکومەت دەڵێت هەشت مانگە بوودجە بۆ کوردستان نەهاتووە.
هاووڵاتیان نیگەرانن لەدواخستنی موچەکانیان کە مانگ بووە بە 50 رۆژ ، گرانی نرخ و هەڵئاوسانی بازار کاریگەری لای تاکی کوردستان دروست کردووە.
ناکرێت هەرێمی کوردستان بە نەبوونی پارە بناڵێنێت و حزبەکانیش بە ئارەزووی خۆیان بەش دابنێن ، چونکە بژێوی حزب لەسەر بوودجەی کوردستان حزبێکی مشەخۆر و چاو برسی دروست دەکات ، کە پشت بە جەماوەر نەبەستێت و هەمیشە بیری لای بەشەکەی بێت بۆیە دەکرێت ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان بەشێوەیەک بەشە بوودجە دابنێن کەسنورێک بۆ حزبەکان دروست بکرێت ، ناکرێت حزبێک خاوەن پێگەی جەماوەری نەبێت و لە پەرلەمان نەبێت بەڵام لەداهاتی کوردستان بەشی هەبێت .
رێکخراوەکەمان لەکاتی پەسەند کردنی پرۆژە یاساکەدا کە رچاوەی مافی مرۆڤ و خزمەتگوزاری و بوودجەی کوردستان و هەڵئاوسانی ئابوری نەکراوە. هەڵوێستی خۆی دەبێت و کاری مەدەنیانەی خۆی دەکات لە هەرێمی کوردستان.
رێکخراوی کاری شەفافیەت بۆ نەهێشتنی گەندەڵی
26-7-2014
PM:01:40:27/07/2014