هەولێر.. ڕێگری کرا لە پزیشکێکی بێ مۆڵەت کە ویستبووی ٥٠ نەشتەر گەری ئەنجام بدات

لە نەخۆشخانەیەكی تایبەتی شاری هەولێر، پزیشکێک کە هیچ مۆڵەتێکی نە بووە ویستوویەتی ٥٠ نەشتەرگەری بۆ هاوڵاتیان ئەنجام بدات.

لقی هەولێری سەندیكای پزیشكانی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بۆ ڕێگریکردن لە هەڵخەڵەتاندنی هاوڵاتیانمان لە لایەن کەسانێک، کە پیشەیان بۆتە هێنانی پزیشکی بیانی بۆ کارکردن لە نەخۆشخانە تایبەتەکان، پاش بەدواداچوونێکی ورد لە لایەن لیژنەکانمانەوە، ئەمڕۆ ڕێگری کرا لەوەی پزیشکێکی بیانی، کە بێ ئەوەی مۆڵەتی کارکردنی سەندیکای پزیشکانی هەبێت لە ڕێگەی کەسێکەوە هاتبووە شاری هەولێر بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری جوانکاری بۆ زیاتر لە ٥٠ کەس لەوانەی بەنیازی ئەنجامدانی نەشتەرگەری بوون.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە،  لەکاتی بینینی نەخۆش لیژنەکانمان سەردانیان کرد بۆ ئەوەی دۆکیومێنتی تەواومان لابێت بۆ گرتنە بەری ڕێکاری یاسایی، ناوبراو و ئەوەش کە هێنابووی سکاڵای یاساییان لەسەر تۆمارکرا و هەموو ئەوانەی هاوکاریشیان کردوونە بەپێی یاسا ڕێکاریان بەرامبەر دەگیرێتە بەر و ڕێگەش نەدرا هیچ نەشتەرگەرییەک ئەنجامبدات.



PM:03:06:06/05/2022