ژوری بازرگانی سلێمانی: بۆ هاوردەی كاڵا بیر لە وڵاتانی نزیك لە كوردستان دەكەینەوە


سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، بەو پێیەی نرخی گواستنەوەی كاڵاو شمەك لە جیهاندا گران بووە، بۆیە بیر لە وڵاتانی نزیك لە كوردستان دەكەنەوە بۆ هاوردەی كاڵا و شمەك، بۆ ئەو مەبەستەش سەردانی وڵاتی یۆنان دەكەن.

سیروان محەمەد، سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بە (سپی) راگەیاند، ژوورەكەیان بەمەبەستی بەشداریكردن لە پێشانگای كشتوكاڵی و خۆراكی و پیشەسازی و بیناسازی و ئەنجامدانی چەند دیدارێكی تایبەت و واژۆكردنی لێكتێگەشتنی كاری هاوبەش شاندێكی بازرگانی شاری سلێمانی سەردانی وڵاتی یۆنان دەكات.

ناوبراو روونیكردەوە، بازرگانان و پیشەسازان و وەبەرهێنەرانی سلێمانی بۆ یەكەمینجارە لەسەر بانگهێشتنامەی وڵاتی یۆنان، بە سەرپەرشتی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی سەردانی ئەو وڵاتە دەكەن بۆ بەشداریكردن لە پێشانگای كشتوكاڵی و خۆراكی و بیناسازی وە ئەنجامدانی واژۆكردنی لێكتێگەشتنی كاری هاوبەش لەگەڵ چەند لایەنێكی دیاریكراو. 

سیروان محەمەد وتی "ئامانج لەم سەردانە لەنزیكەوە دانیشتنە لەگەڵ بازرگانان و خاوەنكاران بۆ بەهێزكردنی پەیوەندیەكانمان، بیرمان لەوەكردۆتەوە نزیكترین خاڵ بۆ هەرێمی كوردستان كوێ بێت و بەرهەمەكانی شیاو بێت بۆ ناوچەی ئێمە بتوانین پەیوەندیان لەگەڵدا دروست بكەین و ڕێكەوتنی كاریان لەگەڵدا بكەین پەیوەندیە بازرگانیەكان توندوتۆڵ بكەین".

سەرۆكی ژووری بازرگانی وتیشی "لەئێستادا بیر لەو وڵاتانە دەكەینەوە كە نزیكن لەهەرێمی كوردستان و عێراق، چونكە كرێی گواستنەوە لە جیهاندا زۆر گران بووە و ئەوەش ڕاستەوخۆ كاریگەری لەسەر بەرزبونەوەی نرخی خۆراك دروست دەكات، بۆیە لەوڵاتانی نزیك و دراوسێ هاوردەكردنی خۆراك و كاڵا پێویستەكان هەرزانتر دەبێت لەسەر هاوڵاتیان".




PM:11:44:09/05/2022