پارتی: یەکێتی داوای لامەرکەزیەتی کرد دەبێت بەرپرسیارێتیشی هەڵگرن


پارتی دیموکراتی کوردستان لەرێگای وتەبێژەکەیەوە دەڵێت " ئەوان داوای لامەرکەزیەتی دارایی و ئیداریان کرد و لە ٤٣٪ هەموو داهاتەکانیان دەدرێتی تەنها ١٨٪ دەمێنێتەوە لە داهاتی سلێمانی دابینیبکەن پێیان ناکرێت، ئێمە دەپرسین ئەو داهاتانە بۆ کوێ دەچێت".

وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان مەحمود محەمەد لە چێ‌وپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی رووداو کە تایبەت بوو بە دۆخی سیاسی عێراق و پەیوەندی پارتی لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکان و کۆنگرەی پارتی، چەند نهێنیەکی لەسەر داهاتی سلێمانی ئاشکرا کرد.

دەربارەی تۆمەتبارکردنی پارتی و حکومەتی هەرێم کە ئازاری سلێمانی دەدات، مەحمود محەمەد وتی" ئەو گلەییانەی ئێمە هەمانە لە یەکێتی و گۆڕان زۆر زیاترن لەو گلەیانەی ئەوان هەیانە، بەتایبەتی ئەو گلەییانەی ئێمە هەمانە لە یەکێتی".

 هەروەها وتیشی"  بۆ دەبێت پارتی لەگەڵ ئەوەدا بێت کە شارێکی وەک سلێمانی کە بەهی خۆی دەزانێت، کە شارێکە لە شارە تێکۆشەرەکانی هەرێمی کوردستان، هەروەها رۆڵی لە مێژوودا دیارە رووبەرووبوونەوەی دژی جەور و ستەمی بەعس ئێمە ئازاری بدەین، ئەوە راست نییە پارتی ئازاری سلێمانی بدات".

وتەبێژەکەی پارتی روونکردنەوەی زیاتر دەدات و دەڵێت" هەموو شتێک بە حساباتە، یەکێتی نیشتمانی کوردستان پرۆژەیەکی هەبوو کە لامەرکەزیەتی ئیداری و دارایی بوو، لەسەر ئەساسی ئەوە ئەو لامەرکەزیەتە دارایی و  ئیدارییە دراوە بە پارێزگاکان، لەو داهاتانەی هەرێم هەیەتی، لە ٤٣٪ پارەی نەوتی کە دەفرۆشرێت دەنێردرێت بۆ سلێمانی، لە ٤٣٪ ئەو پارەیەی لە بەغداوە دێت دەنێردرێت بۆ سلێمانی، لە ٤٣٪ پارەی هاوپەیمانان وەردەگیرێت دەنێردرێت بۆ ئەوێ، دەمێنێتەوە لە ١٧-١٨٪ کە دەبێت لە سلێمانی دابینبکرێت، پێویستە ئەو بڕە لەسەر داهاتی ناوخۆی سلێمانی و گومرگەکان بێت".

مەحمود محەمەد دەشڵێت" ئێستا کێشە لەسەر ئەو بڕەیە، کێشەکە لەوەدا دروستبووە کە هەندێک دائیرە تا ئێستا نەتوانراوە مووچەی مانگی سێشیان پێبدرێت، وا مووچەی مانگی چوار دەستیپێکرد، هێشتا ئەوان سێیان وەرنەگرتووە، ئەوان لەبەرئەوەی بڕوایان وایە کە لەلای خۆیانەوە سەرپەرشتی داهاتی ناوچەکانی سلێمانی خۆی بکەن، بۆ کەمی کردووە؟ ئایا مەعقولە لە کاتی کۆرۆنادا داهاتی دەروازەکان و باج و رسومات زیاتربووبێت لە ئێستا؟ کێ بڕوا بەمە دەکات؟، دەبێت ئەمە روونبێت، داهاتی گورمەگەکان دیاربێت، چی یەو چەندە بۆ کوێ دەچێت؟ دەبێت هەمووی روون بێت". 

وتەبێژی پاریتی دەشڵیت " ئەو گەلەییانەی کە یەکێتی دەیکات مەگەر خەڵکێک بڕوای پێ بکات کە هیچ زانیارییەکی نەبێت، بڕوا ناکەم خەڵکانێک باوەڕ بەو قسە بێ بنەمایانە بکات کە ئێمە بمانەوێت شارێکی خۆشەویستی وەک سلێمانی ئازار بدەین".
هەروەها وتیشی " ئەمە بەس بۆ چاوەشەکارییە دەیانەوێت ئیسارەی مەشاعیری خەڵک بکرێت دژی پارتی، وەک پێشتریش زۆر شتی تری لەو بابەتە کراوە".

پارتی لایەنی بەرپرس دیاریدەکات و دەڵێت" لایەنی بەرپرس ئەو دامودەزگایانەیە کە سەرپەرشتی ئەو شارە دەکەن، ئایا ئەگەر داهاتی ئەو ناوچانە دیار نامێنێت وەک لە رۆژنامەکان بڵاوکرایەوە، دەبێت بپرسین چی لێدێت، یان ئەگەر کۆناکرێتەوە، بۆ کۆناکرێتەوە، گەر کەمی کردووە لەسەر چ ئەساسێک کەمی کردووە، دەبێت خەڵک ئەمە بزانێت".

مەحمود محەمەد دەشڵێت " یەکێتی کە داوای لە مەرکەزیەتی ئیداری و دارایی کردووە سووربووە لەسەری دەبێت، بەرپرسیارێتیەکەشی هەڵگرن، ئەم چەواشەکاریانەو بەلارێدابردنی خەڵک و بەکارهێنانی دەستەواژە بۆ ناشیرینکردنی لایەنێکی سیاسی گونجاو نییە".   



PM:02:26:10/05/2022