میدیای یەكێتی: مەسرور بارزانی زۆرینەی داهاتی مانگی 3ی بە هەولێر و دهۆك داوە


میدیای یەكێتی نیشتمانی كوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەوە تۆمەتبار دەكات كە زۆرینەی داهاتی مانگی 3ی بۆ پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك تەرخانكردووە.

میدیای فەرمی یەكێتی بە پشتبەستن بە بەڵگەنامەیەك بڵاویكردۆتەوە "بەپێی بەڵگەیەك كۆی داهاتی ماوەی نەوت بۆ مانگی 3ی ئەمساڵ 551 ملیۆن دۆلار بووە كە دەكاتە 800 ملیار دینار بووەو لەو داهاتەش 279 ملیار دیناری دراوەتە ئیدارەی سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان و راپەڕین، بەڵام 521 ملیاری دراوەتە هەولێرو دهۆك".

میدیای یەكێتی ئاماژەی بەوەكردووە "هەر بەپێی بەڵگەكە، لەمانگی 3دا كۆی داهاتی نانەوتی هەرێم 300 ملیار دینار بووەو  تەنها 100 ملیار دیناری دراوەتە ئیدارەی سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان و راپەڕین و لەبەرامبەردا 200 ملیار دیناری دراوەتە  هەولێرو دهۆك".

وەك میدیای یەكێتی باسیكردووە "هاوكاری ئەمریكاش بۆ هێزی پێشمەرگە 22 ملیۆن دۆلار بووە كە دەكاتە 32 ملیار دینار، لەو پارەیەش تەنها 9 ملیاری دراوەتە ئیدارەی سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان و راپەڕین و 23 ملیاری دراوەتە هەولێرو دهۆك".

میدیای یەكێتی وتویەتی "لەبەشێكی تری بەڵگەكەدا، كۆی گشتی داهاتی هەرێم بۆ مانگی 3ی ئەمساڵ ترلیۆنێك و 132 ملیار دینار بووە، لەو پارەیەش 388 ملیار دینار دراوەتە ئیدارەی سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان و راپەڕین كە 34%ی كۆی داهاتی ئەو مانگەی هەرێم دەكات، بەڵام  لەبەرامبەردا 744 ملیار دینار دراوەتە هەولێرو دهۆك كە 66%ی كۆی داهاتی هەرێم دەكات".

ئەمڕۆ مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان لە چاوپێكەوتنیكی كەناڵی (رووداو)دا وتی "یەكێتی نیشتمانی كوردستان پرۆژەیەكی هەبوو كە لامەركەزیەتی ئیداری و دارایی بوو، لەسەر ئەساسی ئەوە ئەو لامەركەزیەتە دارایی و  ئیدارییە دراوە بە پارێزگاكان، لەو داهاتانەی هەرێم هەیەتی، لە ٤٣٪ پارەی نەوتی كە دەفرۆشرێت دەنێردرێت بۆ سلێمانی، لە ٤٣٪ ئەو پارەیەی لە بەغداوە دێت دەنێردرێت بۆ سلێمانی، لە ٤٣٪ پارەی هاوپەیمانان وەردەگیرێت دەنێردرێت بۆ ئەوێ، دەمێنێتەوە لە ١٧-١٨٪ كە دەبێت لە سلێمانی دابینبكرێت، پێویستە ئەو بڕە لەسەر داهاتی ناوخۆی سلێمانی و گومرگەكان بێت".

ناوبراو دەشڵێت" ئێستا كێشە لەسەر ئەو بڕەیە، كێشەكە لەوەدا دروستبووە كە هەندێك دائیرە تا ئێستا نەتوانراوە مووچەی مانگی سێشیان پێبدرێت، وا مووچەی مانگی چوار دەستیپێكرد، هێشتا ئەوان سێیان وەرنەگرتووە، ئەوان لەبەرئەوەی بڕوایان وایە كە لەلای خۆیانەوە سەرپەرشتی داهاتی ناوچەكانی سلێمانی خۆی بكەن، بۆ كەمی كردووە؟ ئایا مەعقولە لە كاتی كۆرۆنادا داهاتی دەروازەكان و باج و رسومات زیاتربووبێت لە ئێستا؟ كێ بڕوا بەمە دەكات؟، دەبێت ئەمە روونبێت، داهاتی گورمەگەكان دیاربێت، چی یەو چەندە بۆ كوێ دەچێت؟ دەبێت هەمووی روون بێت".

بڵاوكردنەوەی ئەو بەڵگەیە لەلایەن میدیای یەكێتییەوە لە كاتێكدایە كە بەهۆی دابەشنەكردنی مووچەی چوار وەزارەت و بەشێك لە خانەنشینان بۆ مانگی 3، لە پارێزگای سلێمانی چەند رۆژێكە خۆپیشاندان بەردەوامە، هەمانكاتیش حكومەتی هەرێم دەستی بە دابەشكردنی مووچەی مانگی نیسان كردووە.



PM:06:57:10/05/2022