"وشکەساڵییەکی مەترسیدار روو لە هەرێمی کوردستان دەکات"

بەڕێوەبەری گشتی سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان لەبارەی وشکەساڵییەکی مەترسیدار، کە پێشبینی دەکرێت ڕوو لە هەرێم بکات هۆشداری بە هاوڵاتییان دەدات و دەڵێت" پێویستە هاوڵاتییان خۆیان بۆ وشکەساڵییەکی سەخت ئامادە بکەن".

کاوان سەباح بەڕێوەبەری گشتی سەرچاوەکانی ئاو لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری رایگەیاند" پێویستە لە ئێستادا هاوڵاتییان خۆیان بۆ وشکەساڵییەکی سەخت ئامادە بکەن، چونکە بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواوە پێشبینی دەکرێت هەرێمی کوردستان بە رێژەی (٦٠٪)ی ئاوی سەر زەوی لەدەست بدات".

ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا مەترسییەک رووی لە هەرێمی کوردستان کردووە، کە ئەویش کەمبوونەوەی بارانبارینە، چونکە پێشتر لە ماوەی مانگێکدا باریووە و بڕیاریشە لە ماوەی دوو رۆژدا بارانی بەخوڕ ببارێت، کە ئەمەش دەبێتە هۆی زەوی نەتوانێت بارانەکە بەیەکەوە وەربگرێت و ئاوی سەر زەوی و ژێر زەوی کەم بکات. 

جەختیشیکردەوە، پێشبینیدەکرێت، وشکەساڵییەکی مەترسیدار روو لە هەرێمی کوردستان بکات، بۆیە پێویستە هاوڵاتییان خۆیان بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادە بکەن. 


PM:06:34:12/05/2022